ڤیان دەخیل، پەرلەمانتاری کوردی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق: هەرگیز رێگا نادەین شنگال بکەوێتەوە ژێر دەسەڵاتی بەغدا

 ڤیان دەخیل، پەرلەمانتاری کوردی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق: هەرگیز رێگا نادەین شنگال بکەوێتەوە ژێر دەسەڵاتی بەغدا
پەرلەمانتارێکی کوردی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، کە شاری شنگال بەشێکە لە کوردستانی باشوور و رێگا نادەن بکەوێتەوە ژێر دەسەڵاتی بەغدا.



ڤیان دەخیل، پەرلەمانتاری کوردی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، رۆژی 8ـی ئابی 2016 رایگەیاندووە، کە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان قوربانییەکی زۆریان بۆ شاری شنگال داوە و ”هەرگیز ناتوانرێ سازش لەسەر مافی گەلی کورد و خوێنی پێشمەرگە بکرێت“.



ڤیان دەخیل هەروەها رایگەیاندووە، کە شاری شنگال بەشێکە لە کوردستان و و هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات بە فەرمیی بیگەڕێنێتەوە سەر نەخشەی جوگرافیی خۆی و ”ناتوانین دەستبەرداری شنگال بین بۆ حکوومەتی عێراقی“.



دوای هەرەسهێنان و شکستی سوپای عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014، چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین و دیالەیان داگیر کرد.



چەکدارانی داعش رۆژی 3ـی ئابی 2014 هێرشیان کردە سەر شاری شنگال، کە لە رووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای نەینەوایە و شارێکی کوردستانییە و دانیشتووانەکەی لە مەسیحی، موسڵمان و زۆرینەی ئێزدی پێک دێت.



رۆژی 13ـی تشرینی دووەمی 2015، دوای ئۆپەراسیۆنێکی دوو رۆژیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، کە بەسەرپەرشتیی راستەوخۆی مەسعود بارزانی ئەنجامدرا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەسەر چیای شنگال، رزگار کردنەوەی شارەکەی راگەیاند.



دوای رزگار کردنەوەی شاری شنگال، میر تەحسین، میری ئیزدییانی کوردستان و جیھان لەراگەیەندراوێکدا، ئۆپەراسیۆنی ھێزەکانی پێشمەرگەی بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە ”رۆژێکی مێژوویی“ ناساند و رایگەیاند، ”ئازادکردنەوەی شنگال خۆشی و شادی خستە دڵی ھەموو ئێزدییەکان و کوردستانییان و ھەموو مرۆڤایەتی“.







باسنیوز
Top