ئەمریکا ستایشی رۆڵی هەرێمی کوردستان لە شەڕی داعش دەکات
بەپێی راگەیەندراوێک، کە رۆژی دووشەممە 8ـی ئابی 2016 بڵاو کراوەتەوە ، ستیوارت جۆنز، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا، لە رۆژانی 4 بۆ 6ـی ئاب سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە.
هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ستیوارت جۆنز لە سەردانەکەیدا لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆ بووەتەوە و سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە دەربڕیوە، بۆ ئەو رۆڵەی لە شەڕی دژ بە داعش و تیرۆریستان دەیگێڕن.
باڵیۆزی ئەمریکا لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ مەسعود بارزانی، باسی ئاوارە عێراقییەکانی لە کوردستانی باشوور کردووە و بە ”پشتیوانیی گەورە“ی کورد بۆ ئاوارەکان ناوی بردووە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە راگەیەندراوەکەی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لە سەردانەکەیدا، ستیوارت جۆنز لەگەڵ سەرکردەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕانیش کۆ بووەتەوە و ”باسی ئاشتەوایی سیاسی و بەردەوامیی شەڕی دژی داعشیان کردووە“.
بەھۆی شەڕی تائیفیی سوننە و شیعەکانی عێراق و ھێرشی رێکخراوی توندڕەوی داعش بۆ سەر کوردستانی باشوور و رۆژئاوا و عێراق و سووریا، زیاتر لە 1.8 ملیۆن ھاووڵاتیی کوردستانی رۆژئاوا، سووریا و عێراق ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون.
لە سەرەتای هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر عێراق و کوردستانی باشوور، سوپای عێراقی لە ماوەی چەند سەعاتێکدا تێک شکا و چەکدارانی داعش لە ماوەی دوو رۆژدا، پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین و دیالەیان لە عێراق داگیر کرد.
هێزی پێشمەرگەی کوردستان توانیویەتی هەموو ناوچە داگیرکراوەکان لەلایەن داعشەوە، رزگار بکاتەوە، کە سوپای عێراقی تێیاندا شکستی هێنا بوو و بە شایەدیی هەموو بەرپرسانی باڵای جیهان، پێشمەرگە تاکە هێزی زەمینیی سەرکەوتووە لە شەڕی دژی داعش.
باسنیوز
