لەبەر وەلائیان و ترسیان لەپارتی یەكێتی سەردانی ئێرانی کردەوە

لەبەر وەلائیان و ترسیان لەپارتی یەكێتی سەردانی ئێرانی کردەوە
یەكێتی وەڵامی داوەتنامەیەكی تارانی دایەوە. بەرهەم ساڵح، جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی، دەستنیشانكراوی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بوو بۆ ئەوەی سەرۆكایەتی شاندێكی حیزبەكەی بكات بۆ تاران. بەرپرسێكی یەكێتی دەڵێ "پۆستی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، دوای د.فوئاد مەعسوم لەگەڵ ئێرانییەكان قسەی لەسەر دەكرێ كە پێشتر بەرهەم ساڵح، نزیك بوو لەوەی وەریبگرێ".

دانا سەعید سۆفی، پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت ئێران بەرژەوەندی خۆی هەیە لە عێراق و ناوچەكە و كەم تا زۆری حیزبەكانیش پەیوەندییان لەگەڵ ئێران هەیە و گرنگە بەلایانەوە دۆستایەتیان هەبێ "لە عێراق و كوردستان رووداوی زۆر روودەدەن، بەدەر لە گرتنەوەی مووسڵ، نێوانی شیعە و سوننە و كورد و پەیوەندییەكان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی بۆ ئێران گرنگن و ئەو وڵاتە كاراكتەرێكی سەرەكییە لەو پرسانەدا و ئەو شاندە گفتوگۆی لە بارەوە دەكەن".

سۆفی باسی یەكێكی دیكە لە تەوەرە سەرەكییەكانی گفتوگۆی شاندی یەكێتی لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی دەكات كە رێككەوتننامەی واژۆكراوی حیزبەكەیەتی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان "بە دڵنیاییەوە رێككەوتننامەی نێوان گۆڕان و یەكێتی بایەخی هەیە بەلای ئێرانەوە و‌ یەكێكە لەو پرسانەی گفتوگۆی لەسەر دەكرێ". هەروەها دەڵێ "ئێران دەیەوێ بزانێ ئەو رێككەوتننامەیە دەتوانرێ تاچەند لەسەر زەمینی واقیع جێبەجێ بكرێ، تاچەند ئێران دەتوانێ رۆڵی هەبێ لە ئاسانكردنی و بەشێك دەبێ لە گفتوگۆكان".

گۆڕان و یەكێتی لەسەر ئاستی پەرلەمان و پارێزگاكان فراكسیۆنی هاوبەش یان هاوپەیمانێتیان پێكهێناوە، ئەگەر پێشتر بە تەنیا بووبن و جیاواز كاریان كردبێ، ئەو جارە پێكەوەن و هەوڵ دەدەن سیاسەتی ناتەبا لە نێوانیان نەیەتە ئاراوە. بەبڕوای دانا سەعید سۆفی، ئەوە یەكێكە لە گۆڕانكارییە گرنگەكان "ئەگەر پێشتر بەهۆی ئەوەی رێككەوتننامەیان نەبووە و هەریەك دیدی جیاوازی هەبووە لەگەڵ ئێران، ئێستا كە پێكەوەن لەوانەیە دیدێكی نوێیان هەبێ و ئەوەش باسی لێوە دەكرێ".

بەڵام هەر سەردانێكی فەرمی و نافەرمی یەكێتی بۆ تاران یان بە پێچەوانەوە، زۆرتر لە پەیوەندییەكانی هەر حیزبێكی كوردستانی لەگەڵ ئێرانییەكان چاوی لەسەرە. چونكە لەو دواییانەدا لەكاتی قوڵبوونەوەی كێشە نێوخۆییەكانی یەكێتیدا، بەرپرسانی ئێرانی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك كە باڵەكانی دیكە رازی بن بەوەی دەسەڵاتی یەكەم لەنێوماڵی تاڵەبانی نەترازێت، زۆر لە سلێمانی مانەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكەوە دەست (رووداو)كەوتوون، مانگێك لەمەوبەر ئێرانییەكان داوەتی یەكێتییان كردبوو بۆ تاران، بەڵام ئێستا یەكێتی بە سەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح و ئەندامێتی هەریەكە لە ئەرسەلان بایز، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و و شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ و عەدنانی حەمەی مینا، ئەندامانی سەركردایەتی، شاندێكی ناردووەتە تاران و بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 8/8/2016 دیدار و كۆبونەوەكانیان دەستپێبكەن.

بەرپرسێكی یەكێتی یەكێتی كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە (رووداو)ی گوت پێش ئەوەی كاك بەرهەم سەردانی ئەمریكا بكات، داوەتی ئێران كرابوو و سەردانەكەش بە ئاسایی دەزانێت و دەڵێت "ئێران وڵاتێكی زلهێزی ناوچەكەیە و لەگەڵ هەموو حیزبەكانی كوردستان گفتوگۆ دەكات تاوەكو بزانێ چی روو دەدات و داهاتوو چۆن دەبێت" هەروەها دەڵێ "بێگومان دەستپێكردنەوەی گفتوگۆی نێوان لایەنەكان و گفتوگۆی كورد لەگەڵ بەغدا و سەردانی مالیكی بۆ سلێمانی قسەیان لەسەر دەكرێ".

ئێران لە هەرێمی كوردستان، ركابەرایەتییەكی تووندی توركیا دەكات لە بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانی، ماوەیەكە یەكێتی بەهۆی نزیكبوونەوە لە گۆڕان، زۆرتر وەك ئۆپۆیسیۆنی حكومەت مامەڵە دەكات، هەرچەندە دەستبەرداری حكومەت و بەرژەوەندییە ئابوورییەكانیشی نەبووە، بەڵام ئێران خوازیارە هاوكات یەكێتی بەشێكی كارا بێت لە دەسەڵاتی بڕیاردان و حكومەت . چونكە نایەوێت توركیا بەهۆی نزیكایەتی لە پارتی ببێتە یاریكەری سەرەكی لە باشووری كوردستان.

ئەو بەرپرسەی یەكێتی دەڵێ پرسی زۆر گرنگ هەن "پەیوەندی كورد بە عێراق و مەسەلەی حەیدەر عەبادی و مالكی و، بابەتی گرتنەوەی موسڵ و پەیوەست بوونەوە بە ناوەند". گوتیشی "كاك بەرهەم لەوانە نییە كە حەزی بە پەیوەستبوون بە عێراقەوە هەبێ، بەڵام لەلایەكی دیكە چاویشی لەوەیە كە دوای د.فوئاد مەعسوم كاندید بێ بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، هەرچەندە من پێموانییە جارێكی دیكە كورد ئەو پۆستە وەربگرێتەوە".

نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران كە بەشداری كۆبوونەوەكان دەبێ، دەڵێ كۆبوونەوەكان ئەمڕۆ دووشەممە دەستپێدەكەن و هێشتا روون نییە لەگەڵ كێ دیداریان دەبێت و پرسە سەرەكییەكان چی دەبن "بەڵام باسی بابەتی ئیداریی و دارایی و سەربازی لەگەڵ شاندی حكومەت باس دەكرێ، نەك شاندێكی حیزبی". گوتیشی سەردانی یەكێتی بۆ ئێران ئاساییە "شاندی یەكێتی دوای شاندی هەموو لایەنەكان هاتوونەتە ئێران، لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا حیزب نەماوە لە كوردستان سەردانی ئێرانی نەكردبێ".

نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران، رەتیدەكاتەوە باسی كێشەی نێوخۆیی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران بكرێ "ئەوە چی پەیوەندی بە ئێرانەوە هەیە". ناوەراستی مانگی ئایاری ئەمساڵ وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران سەردانی پیرمامی كرد و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نێچیرڤان، سەرۆكی حكومەت كۆبووەوە، هەرچەندە بە فەرمی داوەتنامەی كۆماری ئیسلامی پێشكەش بە بارزانی كرا بۆ ئەوەی سەردانی تاران بكات، بەڵام بارزانی تاوەكو ئێستا سەردانەكەی نەكردووە.

نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران دەڵێ جگە لە وەزیری ئیتڵاعات، دواتر كونسوڵی ئێران بەهەمانشێوە بارزانییان داوەت كردووە و ئەوكات وا باسكرا كە دوای رەمەزان هەماهەنگی بكرێ بۆ سەردانی جەنابی كاك مەسعود "بەڵام من وەك نوێنەری حكومەت، تاوەكو ئێستا ئاگادار نەكراومەتەوە لە هاتنی كاك مەسعود، تاوەكو ئێستا دیار نییە و وەڵام نییە كە دێت یان نا".



رووداو
Top