رەهبەری سەید برایم: هەرگیز بارزانیم وا نیگەران نەبینیوەو گلەییشی لە یەكێتی كرد

رەهبەری سەید برایم: هەرگیز بارزانیم وا نیگەران نەبینیوەو گلەییشی لە یەكێتی كرد
لە كۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەری پێشمەرگە دێرینەكان، بارزانی گلەیی لە یەكێتی نیشتمانی کوردستان كردووە، ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتیش دەڵێت "هەرگیز بارزانیم وا نیگەران نەبینیوە".

رۆژی یەكشەممە 7-8-2016 مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندی هاوبەشی دەزگای باڵای ئەیلوول و كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستان لەسەر پرسی دواكەوتنی مووچەی پێشمەرگە دێرینەكان كۆبووەوە.

رەهبەر سەید ئیراهیم، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی رایگەیاند "كاك مەسعود بارزانی بەڵێنی بەدوداچوون و چارەسەكردنی دواكەوتنی مووچەی پێشمەرگە دێرینەكانی پێداین و پێیوابوو نابێت هیچ جیاوازییەك لەنێوان پێشمەرگەی ئێستا و پێشمەرگە دێرینەكان بكرێت".

رەهبەر سەید ئیراهیم گوتیشی "ئێمە داوای چارەسەكردنی دۆخی سیاسی و یەكخستنەوەی نێو ماڵی كوردمان لە جەنابی كاك مەسعود كرد، ئەویش بەڵێنی پێداین هەرچی لەدەستبێت دەیكات، بۆیە دەستپێشخەری كردووە و د.فوئاد حوسێن-ی بۆ سەردانیكردنی لایەنەكان راسپاردووە، بەڵام كاك مەسعودیش رەخنە و گلەیی زۆر لەو دۆخە سیاسییە هەبوو، گلەی زۆر لە حیزبەكان هەبوو، گلەی لە یەكێتیش هەبوو".

لەبارەی نیگەرانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، رەهبەرى سەید برایم گوتی "من زۆر جاران بە خزمەتی جەنابی كاك مەسعود گەیشتووم، بەڵام هیچ كات وەكو ئەمجارە نیگەران و بێتاقەتی دۆخی كوردستان نەبوو".

رەهبەرى سەید برایم زیاتر نێوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی ئاشكراكرد و گوتی "تەنانەت كاژێرێك و 10 خولەک قسەی لەسەر دۆخی كوردستان كرد، گلەی لەوە هەبوو بنەمای تەوافوقی سیاسی تێكدراوە. گلەی لە یەكێتی هەبوو بەوەی هەموو هەنگاوەكانیان بە تەوافوق بووە، دەیگوت غیابی مام جەلال بۆشایی زۆری دروستكردووە، ئەو هەرگیز رێگای بە رووداوانە نەدەدا، هەر شتێك روویبدابایە راستەوخۆ بەیەكەوە چارەسەرمان دەكرد، ئێستا لەوەتەی ئەو نەخۆش كەوتووە، ئەركمان قورسبووە".

بۆ چارەسەركردنی دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان، بارزانی بە نوێنەرایەتی خۆی فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بۆ وەرگرتنی بۆچوونی لایەنە كوردستانییەكان راسپاردووە، لە ئێستادا فوئاد حوسێن گەڕی دووەمی دانوستاندنەكانی دەستپێكردووە، ئەوەش دوای ئەوەی لە كۆتایی مانگی رابردوو لەگەڵ زۆربەی لایەنەكان كۆبووەوە.




رووداو
Top