پارتی پێشنیازێکی نوێ بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان دەخاتە بەردەم لایەنەکان
ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایدەکات، پارتی سوورە لەسەر ئەوەی جارێکی دیکە د. یوسف محەممەد، نەگەڕێتەوە سەر كورسی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام بۆ ئەوەی پەرلەمان کارابکەنەوە، ئەو پیشنیازە تازە دەخەنە بەردەم لایەنەکان.
ئومێد خۆشناو گوتی "پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر بەروونی رایگەیاندووە، كە ئەو رێككەوتنەی لە رابردوو هەمانبووە لەگەڵ دابەشكردنی پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان سەركەوتوو نەبووە، بۆیە دەبێت رێككەوتنی نوێ هەبێت و دەستەیەكی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێرین، بەجۆرێك پۆستەكانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دوور لە پارتی و گۆڕان و یەكێتی بدرێت بە لایەنەكانی دیكە".
بەپێی پێشنیازەكەی پارتی، ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان رازی بێت، ئەوا جێگرێكی نوێ بۆ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاددەكرێت و دەدرێتە گۆڕان.
پیشنیارەکە لە جانتاکەی د. فوئاد حسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندایە، بۆ ئەوەی لە گەڕمی دووەمی دانووستاندنەكانی بیخاتە بەردەم لایەنەکان.
فوئاد حوسێن، کە بە نوێنەرایەتی بارزانی ئێستا لە گەڕی دووەمی سەردانەکانیدایە، رۆژی یەكشەممە 7-8-2016 لەگەڵ ئەمیندای گشتی یەکگرتووی ئیسلامی باسی گۆڕینی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کردووە، پێشنیازێکیش خراوەتە بەردەم یەکگرتوو بۆ ئەوەی یەکێک لە سێ سەرۆکایەتییەکە وەربگرێت.
سەڵاحەدین بابەكر، ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رایگەیاند "هەموو ئەو ئەفكارانە هەن، بەڵام دوای ئەوەی لەگەڵ لایەنەكانی دیكە باسدەكرێت، پێویستە لەچوارچێوەی كۆبوونەوەی هەر پێنج لایەنەكە بڕیاری لەسەر بدرێت و دواتریش وەك یەكگرتوو بە فەرمی وەڵامی ئەو پێشنیازانە دەدەینەوە".
بڕیارە فوئاد حوسێن جارێکی دیکە بچیێتەوە سلێمانی و لەگەڵ نەوشیروان مستەفا و سەرکردەکانی یەکێتی کۆببێتەوە، گۆڕینی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیش لەسەرەوەی ئەو پرسانەیە کە نوێنەرەکەی بارزانی لەگەڵ گۆڕان و یەکێتی باسیدەکات.
rudaw
