جێگری سكرتێری حیزبی شیوعی: فوئاد حوسێن هەنگاوی باشی ناوە

جێگری سكرتێری حیزبی شیوعی: فوئاد حوسێن هەنگاوی باشی ناوە
جێگری سكرتێری حیزبی شیوعی كوردستان رایدەگەیێنێت، بە هەوڵەكانی فوئاد حوسێن بۆ چارەسەری كێشەكان گەشبینن و هەنگاوێكی باشی ناوە و خزمەتی هەموو لایەنێك دەكات.

رۆژی یەکشەممە 7-8-2016 فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، لەمیانەی سەردانی بۆلای لایەنە سیاسییەكان، لەگەڵ مەکتەبی سیاسی حیزبی شیوعی كوردستان كۆبووەتەوە، ئەوەش دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان.

كاوە مەحموود، جێگری سكرتێری حیزبی شیوعی كوردستان رایگەیاند، لە سەردانی بۆ سلێمانی و كۆبوونەوەی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا، هێرۆخان و چەند ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی فوئاد حوسێن كۆمەڵێك پێشنیاز و بۆچوونی پێبووە. ئێمە هەوڵەكانی بە گەشبینی دەبینین و هەنگاوێكی باشی ناوە و خزمەتی هەموو لایەنێك دەكات".

جێگری سكرتێری حیزبی شیوعی گوتیشی "لەو كۆبوونەوەكەدا باسمانلەوەكرد تەوافقێكی سیاسی هەبێت لە گفتوگۆكردن بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان، چونكە بوونی تەوافوق لەنێوانماندا گرنكە".

لەبارەی پێشنیازی شیوعی بۆ چارەسەری دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان، كاوە مەحموود رایگەیاند، لە حوزیرانی 2015ـوە پرۆژەی خۆیان باسكردووە، ئەویش خۆی دەبینێتەوە لەوەی ئەنجوومەنێكی سەرۆكایەتی دروستبكرێت، ئەو ئەنجوومەنە نوێنەری ئەو حیزبانەی ئەندامیان لە پەرلەمان هەیە، تێدابێت. سەرۆكی هەرێمی کوردستان و جێگرەكەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكە بكەن، تاوەكو ئەو كاتەی هەموو لایەنەكان دەگەن بە تەوافوق و سازان".

جێگری سكرتێری حیزبی شیوعی كوردستان، گوتیشی "بۆچوونی ئێمە ئەوەیە كە بگەڕێینەوە بۆ رای خەڵك. چونكە ئەم بابەتە بەدەنگی 50 كۆی 1ی پەرلەمانتاران چارەسەرنابێت".

كاوە مەحموود گوتیشی "ئەگەر سازان نەبێت و ئیتفاق نەكرێت، ئەوكاتە دوو رێگەمان لەبەردەمدایە؛ یەكەم: گەڕانەوە بۆ رای خەڵك لەكاتی هەڵبژاردن یان راپرسی دەستووردا. دووەم: لە خولی داهاتووی پەرلەمان بە زرۆینە بابەتی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان چارەسەربكرێت".



رووداو
Top