فەرماندەیەكی پێشمەرگە: داعش لەناو مووسڵ تووشی داڕووخان بوونە
حەمید ئەفەندی، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە محیوەری باشیك، ڕایگەیاند: "لە ماوەی ڕابردوو زیاد لە ٦٠٠ هاووڵاتی لەژێر دەستی داعش ڕایان كردووە و خۆیان ڕادەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردووە".
ئەو فەرماندەیە ئەوەش ڕوون دەكاتەوە: "لە دەورووبەری مووسڵ داعش كۆنتڕۆڵی لەدەست دەرچووە، ئەو خەڵكەی لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعشدان، لە ڕەوشێكی خراپدان و تیرۆریستانی داعشیش لە دۆخێكی یەكجار خراپدان و ورەیان نەماوە، لە دەشتی نەینەوا ڕادەكەن بۆ سووریا و ناوشاری مووسڵ، ئەمەش وای كردووە دۆخی داعش لەشاری مووسڵ زۆر خراپ ببێت".
فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی محیوەری باشیك، گوتیشی: "بەهۆی هێرشی فڕۆكەی هاوپەیمانان و هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە زۆربەی ئەمیرەكانی داعش كوژراون، لەگەڵ ئەوەش بەشی هەرە زۆری چەكدارە بیانییەكانیان خێزانەكانیان دەگوازنەوە بۆ سووریا ئەمەش حاڵەتێكی دەروونی زۆر خراپ تووشی داعش كردووە، ئەو چەكدارانەی خەڵكی ناوچەكەن بیر لەوە دەكەنەوە بەچ شێوەیەك بتوانن خۆیان دەرباز بكەن و ڕێگایەك بۆ خۆیان بدۆزنەوە بۆ ئەوەی خۆیان بگەیەننە سنووری پێشمەرگە".
باسنیوز
