سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندی هاوبەشی دەزگای باڵای ئەیلوول و كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان كۆبۆوە

 سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندی هاوبەشی دەزگای باڵای ئەیلوول و كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان كۆبۆوە
شاندی ھاوبەشی دەزگای باڵای ئەیلوول و کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە و پشیتگیریی خۆیان رادەگەیەنن.

بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، رۆژی یەکشەممە ٧ـی ئابـی ٢٠١٦، مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی ھاوبەشی دەزگای باڵای ئەیلوول و کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان کۆبووەتەوە.

بەپێی راگەیەندراوەکە، بەرپرس و ئەندامانی دەزگای باڵای ئەیلوول و کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان، کە زۆربەیان لە سەرەتاکانی شۆڕشی کوردستانەوە تاوەکو ساڵی 1991 خەباتیان کردووە و ئێستا خانەنشین بوون، باسیان لە گرفتەکان و باری خراپی ژیانی پێشمەرگە دێرینەکان کردووە و داوایان لە بارزانی کردووە هەوڵ بدات ”حسابێکی تایبەت و دادپەروەرانە بۆ خەبات و ماندووبوونی پێشمەرگە دێرینەکان بکرێت و باری گوزەرانیان باشتر بکرێت“.

لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیار دراوە لیژنەیەکی تایبەت بۆ بەدواداچوون و جێبەجێکردنی بڕیارەکان دروست بکرێت، بە مەبەستی ڕێکخستنی مووچە و داواکارییەکانی پێشمەرگەکانی ئەیلول و پێشمەرگە دێرینەکان.

هەروەک لە راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، شاندی ھاوبەشی دەزگای باڵای ئەیلوول و کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان، پاڵپشتیی خۆیان بۆ دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی سیاسیی ھەرێمی کوردستان، دەربڕیوە.

مەسعود بارزانی وێڕای سوپاس کردن و دەربڕینی پێزانینی خۆی بۆ خەبات و ماندووبوون و قوربانیدانی پێشمەرگە دێرینەکان، ”پشتیوانیی خۆی بۆ داواکاری و مافەکانیان ڕاگەیاند“.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا، باسی لە بارودۆخی سیاسیی ھەرێمی کوردستان و چارەکردنی قەیرانی سیاسی کردووە، وێڕای پرسی ئاییندەی کوردستان و پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراقدا و ڕۆشناییشی خستووەتە سەر ھەنگاوەکان بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق.









باسنیوز
Top