سەرکردەیەکی یەکێتی: بۆ تاتوێکردنی دۆخی بەغدا و چەند پرسێکی دیکە شاندێکی یەکێتی دەچێتە تاران

 سەرکردەیەکی یەکێتی: بۆ تاتوێکردنی دۆخی بەغدا و چەند پرسێکی دیکە شاندێکی یەکێتی دەچێتە تاران
شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات و بەرپرسێکی ئەو حزبەش باس لە هۆکاری چوونی شاندەکە دەکات.

بڕیارە بە سەرۆکاتیی د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح، شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکات. لەمبارەیەشەوە ئەمڕۆ یەکشەممە 7\8\2016، ئەحمەد قەدەفەری، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، ڕایگەیاند: “ئەو شاندەی یەکێتی کە سەردانی تاران دەکات، وەک هەر سەردانەکانی دیکە، بە ئاسایی دەزانرێت، لە کاتێکدا شاندەکە لەسەر ئاستی باڵا و لە مەکتەبی سیاسی دەبێت”.

ئەوەشی ڕوون کردەوە: "ئێستا دۆخی ناوچەکە ئاڵۆز بووە، لە لایەک پرسی عێراق و ئازادکردنەوەی مووسڵ، لەلایەکی دیکە بەشداریی پێشمەرگە لە بەرەکانی جەنگ و پرسی سیاسی لە بەغدا، لەم لاشەوە دۆخی سووریا و تورکیا و ناوچەکە، سەرجەمیان بەیەکەوە بەستراون، ناوچەکە لە گۆرەپانێکی یاری دەچێت، هەمووی تێدا یاری دەکەن، کە ئەمە هۆکاری یەکێک لەسەردانەکانە”.

قەدەفەری ئەوەشی ئاشکرا کرد: “بابەتی دووەم ئەوەیە کە ئێران وڵاتێکی گەورە و زلهێزە لەناوچەکە، کاریگەریی راستەوخۆ و ناراستەوخۆی لەسەر ڕووداوەکان هەیە و لەگەڵ ناوچەکانی یەکێتی هاوسنوورە، بۆیە دەکرێت بەهۆی نزیکی و هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە چوارچێوەی ئاسایی کردنەوە و پتەوکردنی پەیوەندییەکان دەبێت، هاوکات ئەم ناوچەیە بە گۆڕانکاریی خێرادا دەڕوات، یەکێتیش لەناو ئەم چوارچێوەدایە".

لەبارەی ئەوەی کە بڕیارە یەکێتی رازی بکرێت بۆ ئەوەی هاوکاربێت لە سنووری خۆیەوە بۆ ئەوەی حەشدی شەعبی و میلیشیا شیعەکان بەشداری لە ئازادکردنەوەی مووسڵ و هاوکاری ئەو بنکە سەربازییە بکەن کە ئێران لە خورماتوو دروستی کردووە، ئەو بەرپرسەی یەکێتی گوتی: “یەکێتی بە تەنیا بڕیار لەسەر ئەو پرسە نادات، یەکێتی هێزی چەکداری لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە هەیە، ئەگەر بڕیارێک لەو بارەوە هەبێت، حکوومەت دەیدات نەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان”.

لەبارەی ئەوەی کە ئێران دەیەوێت ناوەندی بڕیار لە ناو یەکێتی بگۆڕدرێت، ئەحمەد قەدەفەری دەڵێت: "ئەم سەردانە بۆ باشترکردنی پەیوەندییە و باوەڕ ناکەم ئێران بیەوێت ئاراستەی بڕیار لەناو یەکێتی بگۆڕدرێت، دواتر ئێمە مەکتەبی سیاسیمان هەیە و لەوێ بڕیار دەدرێت".

لەبارەی ئەوەی بۆچی لەناو هەموو ئاراستەکاندا د. بەرهەم ساڵح بۆ ئەو سەردانە هەڵبژێردراوە، ئەندامەکەی سەرکردایەتیی یەکێتی ڕایگەیاند: “دیاری کردنی ئەو، پەیوەندی بە مەکتەبی سیاسییەوە هەیە و دەبێت یەکێتی لەو بارەوە قسەی بکات”.









باسنیوز
Top