هەورامی: هەندێك كەس دهڵین وەزارەتی كارەبا دەفرۆشرێ.. دەبێت كۆنتڕۆڵی بكەین
(حەمەد ئەمین هەورامی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە چوارچێوەی بەرنامە چاكسازییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە بە هۆی قەیرانی دارایی و دابەزینی نرخی نەوت و ئەو جەنگەی لەگەڵ داعش هەیە، دەستی پێ كردووە بۆ كەمكردنەوەی خەرجییەكانی حكوومەت، كار لەسەر پێدانی كارەبا بە كەرتی تایبەت دەكرێت كە خەرجییەكی زۆری دەوێت، بۆیە شارەزاكانی بانكی نێودەوڵەتی و هەرێمی كوردستان هەستمان پێ كردووە، كەرتی دابەشكردنی كارەباش لەبەر ئەوەی كەرتێكی، دەبێت كۆنتڕۆڵی بكەین، بۆیە ویستمان سوود لە خزمەت و شارەزایی وڵاتانی دنیا وەربگرین، بانكی نێودەوڵەتییش ڕاوێژكاری هێناوە و ئەم ڕاوێژكارانە شارەزان لەوەی چۆن بتوانین خەرجیی كارەبا كەم بكەینەوە و چۆن بتوانری كۆنتڕۆڵی دابەشكردنی كارەبا بكەین، بۆ ئەمەیش سوود لە كەرتی تایبەت وەردەگرین."
(هەورامی) گوتیشی: "لە ئێستاشدا هاوكارێكی باش دەبێ بۆ حكوومەت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە كە هەندێك كەس تەفسیریان كردووە گوایە وەزارەتی كارەبا دەفرۆشرێ، لەوانەیە هەندێك ریفۆرم لە دابەشكردنەكەدا بكرێ كە ئەمە پلانێكی درێژخایەنە و ڕێك چەند ڕۆژێكی تر ناكرێت، بەڵكە ئێستا حكوومەت كاری لەسەر دەكات، بەڵام بۆ نرخ هەر وەك پێشووە و حكوومەت خۆی چاودێری دەكات، وەلێ بۆ ئەوانەی بازرگانی بە كارەباوە دەكەن، حیسابێكی جیاوازیان لەگەڵدا دەكرێـت."
KDP
