حكوومەتی هەرێم: ئیدارەی قوتابخانەكانی فەزالە دەگۆڕدرێن.. قوتابیان دڵنیا دەكەینەوە زەرەرمەند نابن
(بورهان ئەرگوشی) بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی پەروەردە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پێشتر بۆچوونی وەزارەتی پەروەردە لەبارەی قوتابخانەكانی كۆمپانیای فەزالەی نزیك لە (فەتحوڵڵا گویلەن) ئەوە بووە، ئەگەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەر بڕیارێك لەبارەی قوتابخانەكانی دەزگای فەزالەوە بدات، ئەوا نابێت قوتابی زەرەرمەند ببن و ئێستایش گوتەبێژی حكوومەت باسی لە گۆڕینی ئیدارەی قوتابخانەكان كردووە و دیارە پرسێكی نێودەوڵەتییە و نامانەوێ كاریگەری لە پەیوەندیی نێوان توركیا و هەرێم بكات و دەگەڕێنەوە سەر پەروەردە".
(ئەرگوشی) گوتیشی: "هەمان قوتابخانە بەردەوامییان دەبێت لە خوێندن، بەڵام گۆڕانكاری لە ئیدارەیاندا دەكرێت و دەستێكی دیكە بەڕێوەیان دەبات، بە ناوی وەزارەتی پەروەردەوە، قوتابیان و كەسوكاریان دڵنیا دەكەینەوە، هیچ زەرەرمەند نابن لەو نێوەندەدا و دواڕۆژیان ناكەوێتە مەترسییەوە".
لەبارەی مانەوەی متمانەی قوتابخانەكانی فەزالە، (ئەرگوشی) ئاماژە دەدات: "من وەك باوكی قوتابییەك لەو دەزگایە خۆشم نازانم ئیدارەی داهاتوو چوون دەبێت، رەنگە بۆ ساڵی دابێ گۆڕانكاری بكرێت و خەڵك بە چاوێكی دیكە سەیری بكەن، دیاریش نییە ئیدارەی نوێی قوتابخانەكانی فەزالە باشتر دەبن لەوەی پێشتر یان خراپتر دەبن".
KDP
