حكوومەتی هەرێم: ئیدارەی قوتابخانەكانی فەزالە دەگۆڕدرێن.. قوتابیان دڵنیا دەكەینەوە زەرەرمەند نابن

 حكوومەتی هەرێم: ئیدارەی قوتابخانەكانی فەزالە دەگۆڕدرێن.. قوتابیان دڵنیا دەكەینەوە زەرەرمەند نابن
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێ، ئیدارەی قوتابخانەكانی نزیك لە (فەتحوڵڵا گویلەن) دەگۆڕدرێن و، بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی پەروەردەیش رایدەگەیەنێ، قوتابیان دڵنیا دەكەینەوە لە خوێندن بێبەش ناكرێن.

(بورهان ئەرگوشی) بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی پەروەردە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پێشتر بۆچوونی وەزارەتی پەروەردە لەبارەی قوتابخانەكانی كۆمپانیای فەزالەی نزیك لە (فەتحوڵڵا گویلەن) ئەوە بووە، ئەگەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەر بڕیارێك لەبارەی قوتابخانەكانی دەزگای فەزالەوە بدات، ئەوا نابێت قوتابی زەرەرمەند ببن و ئێستایش گوتەبێژی حكوومەت باسی لە گۆڕینی ئیدارەی قوتابخانەكان كردووە و دیارە پرسێكی نێودەوڵەتییە و نامانەوێ كاریگەری لە پەیوەندیی نێوان توركیا و هەرێم بكات و دەگەڕێنەوە سەر پەروەردە".

(ئەرگوشی) گوتیشی: "هەمان قوتابخانە بەردەوامییان دەبێت لە خوێندن، بەڵام گۆڕانكاری لە ئیدارەیاندا دەكرێت و دەستێكی دیكە بەڕێوەیان دەبات، بە ناوی وەزارەتی پەروەردەوە، قوتابیان و كەسوكاریان دڵنیا دەكەینەوە، هیچ زەرەرمەند نابن لەو نێوەندەدا و دواڕۆژیان ناكەوێتە مەترسییەوە".

لەبارەی مانەوەی متمانەی قوتابخانەكانی فەزالە، (ئەرگوشی) ئاماژە دەدات: "من وەك باوكی قوتابییەك لەو دەزگایە خۆشم نازانم ئیدارەی داهاتوو چوون دەبێت، رەنگە بۆ ساڵی دابێ گۆڕانكاری بكرێت و خەڵك بە چاوێكی دیكە سەیری بكەن، دیاریش نییە ئیدارەی نوێی قوتابخانەكانی فەزالە باشتر دەبن لەوەی پێشتر یان خراپتر دەبن".









KDP
Top