لە هەولێر مامۆستایەكی ئایینی گوتاری هەینی بۆ یەك خولەك كورتدەكاتەوە
رۆژی ھەینی 5-8-2016 لە مزگەوتی "حاجی عەزیز خرابەدراوی" لە ھەولێر بە ھۆی نەبوونی کارەبا و بەرزی پلەی گەرما، مامۆستای ئەو مزگەوتە گوتاری ھەینی لەماوەی یەک خولەک پێشکەشدەکات.
مامۆستا سەردار کەریم، گوتاربێژی مزگەوتی حاجی عەزیز خرابەدراوی له هەولێر رایگەیاند "ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە بنەڕەتدا بۆ کارئاسانیکردنی ژیانی مرۆڤایەتی و سادەکردنی بابەتەکان ھاتووە، ئەو رۆژەش من گوتارێکم ئامادەکردبوو نزیکەی 25 خولەک بوو، بەڵام کاتێک كە زانیم کارەبا نییە و پلەی گەرماش موسڵمانان بێزار دەكات، بۆیە لەماوەی یەک خولەک گوتارەکەم پێشکەش کرد".
لەبارەی ئەوەی لەماوەی ئەو خولەكە چی گوتووە، مامۆستا سەردار کەریم دەڵێت "ئەوەم بۆ روونکردنەوە کە ئیسلام بۆ ئاسانکردنی ژیان ھاتووە و خوای گەورە لێمان قبوڵبکات. کۆتایم بە قسەکانم ھێنا و نوێژمان کرد".
مامۆستا سەردار کەریم گوتیشی "من ھەمیشە ھەوڵدەدەم گوتارەکانم کورت و پوخت بێت بۆ ئەوەی موسڵمانان بەباشی ئامۆژگارییەکان وەربگرن، کورتکردنەوەی گوتاری دوێنێشم بۆ یەک خولەک کاردانەوە و دەستخۆشی زۆری لە لایەن موسڵمانانی مزگەوت لێکەوتەوە".
لەبارەی ئەو پرسە، مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەپێی راپرسییەک، كە لە ساڵی 2009 ئەنجامدراوە، زۆرینەی موسڵمانان داوای کورتکردنەوەی گوتارەکانی ھەینی دەکەن، "بۆیە رێنمایمان داوەتە مامۆستایان کە گوتارەکانیان لەنێوان 20 تاوەکو 25 خولەک بێت".
نەقشبەندی دەشڵێت "درێژی گوتاری ھەینی لە شەرع، رێنمایی و بڕیاری وەزارەتدا نەھاتووە، بەڵکو بیدعەیەکی ھەندێک لە مامۆستایانی ئایینی خۆمانە".
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکانی ئیسلام، درێژترین گوتاری پێغەمبەری ئیسلام محەممەد (د.خ) لەدوایین ساڵی تەمەنی لە مەراسیمی حەج لە شاری مەکكە پێشکەشیکردووە، ئەو گوتارە تەنیا 448 وشە بووە و باس لە پرەنسیپەکانی ئیسلام، ئەخلاق و دوورکەوتنەوە لە ستەم دەكات.
rudaw
