منداڵە شەهیدەکان حكوومەت كرێی خوێندنیان بۆ دەدات

 منداڵە شەهیدەکان حكوومەت كرێی خوێندنیان بۆ دەدات
حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە دانی كرێی خوێندنی منداڵی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی؛ سەرۆكی لیژنەی خوێندن لە وەزارەتی شەهیدان دەڵێ: " بەردەوام دەبین لە دانی كرێی خوێندن بۆ هەر منداڵە شەهیدێک ئەگەر بیەوێ لە زانكۆ و پەیمانگا ئەهلیەكان درێژە بە خوێندنەکەی بدات."

(ئەحمەد مام ڕەسووڵ) سەرۆكی لیژنەی باڵای خوێندن لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە خزمەتكردنی كەسوكاری شەهیدان و بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٤ _٢٠١٥ حكوومەتی هەرێم بڕی ١٦ ملیار دیناری بۆ كرێی خوێندنی مندالآنی شەهید و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی خەرج كردووە، بۆ ئەمساڵیش واتە ساڵی خوێندنی ٢٠١٥_٢٠١٦ گشت قوتابیانمان ئاگادار كردووتەوە، مامەڵەی وەرگرتنی پارەی كرێی خوێندن بكەن بۆ ئەوەی كرێی خوێندنیان بۆ بدرێت؛ خۆی نەمانهێشتووە یەك كۆڕ و كچە شەهید كرێی خوێندن بداتە زانكۆ و پەیمانگە ئەهلیەكان و هەمووی حكوومەت دەیدات.

مام ڕەسووڵ گوتیشی: "دیارە دەسپێکی خوێندن، مانگێك زیاتریشی ماوە، حكوومەتی هەرێم بەردەوام دبێت لە هاوكاریكردنی كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و هەر كۆڕ وكچە شەهیدێکی بیەوێ لە خوێندنی ئەهلی واتە زانكۆ و پەیمانگاكان درێژە بە خوێندن بدات، ئەوە حكوومەت كرێی خوێندنی بۆ دەدات؛ زانكۆ و پەیمانگا ئەهلییەكانیش زۆر هاوكارن لەگەڵمامندا، چونكە ئەوان قیستی خوێندن لە كەسوكاری شەهیدان وەرناگرن و، لە حكوومەتی وەردەگرن."










KDP
Top