ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان پۆستی پارێزگاری سلێمانی لە ئاسۆ فەرەیدوون وەرناگرێتەوە

 ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان پۆستی پارێزگاری سلێمانی لە ئاسۆ فەرەیدوون وەرناگرێتەوە
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژە بەوە دەکات کە پۆستی پارێزگاری سلێمانی گرفتی لەناو گۆڕاندا دروست کردووە و کار گەیشتووەتە ئەوەی باس لەوە بکرێت کە پۆستی پارێزگاری سلێمانی بۆ یەکێتی درێژ کراوەتەوە.

بەپێی زانیاریه كان، سەرچاوەیەک لەناو بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاندووە، کە ئەو کاتەی د. ئاسۆ فەرەیدوون، پارێزگاری سلێمانی سەردانی بەریتانیای کرد بۆ لای نەوشیروان مستەفا، لەوێ نەوشیروان مستەفا بەڵێنی درێژکردنەوەی ماوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی داوە، کە لە کاتێکدا دەبێت بەپێی ئەو رێككەوتنە كاندیدی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كە (ئاسۆ فەرەیدوون) بوو بۆ دوو ساڵی یەكەمی پۆستی پارێزگاری سلێمانی وەردەگرێت، ماوەی ئەو پۆستەش لەرۆژی 11/12/2014 دەستپێدەكات هەتا 9ی ئابی 2016، رۆژێك دوای ئەوە ئاڵوگۆڕ بەپۆستەكە دەكرێت‌و (هەڤاڵ ئەبوبەكر) سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی وەك پاڵێوراوی بزووتنەوەی گۆڕان دەچێتە سەر كورسی پارێزگار هەتا 30ی نیسانی 2018، هەموو ئەمەش لەبەرانبەر ئاڵوگۆڕی پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجەدایە، كە ئێستا پارێزگارەكەی لای گۆڕانە.

لەم بارەوە، قادر رەزگەیی، پەرلەمانتاری یەکێتی لەپەرلەمانی کوردستان رایگەیاند وەک یەکێتی پابەندین بەو رێککەوتنەوە و ئەو پۆستە رادەستی گۆڕان دەکەینەوە. گوتیشی: "بەڵام ئەوە ماوەتەوە کە بزووتنەوەی گۆڕان ئەو پۆستە لەناو خۆیدا یەکلا بکاتەوە چونکە ئەوان گرفتیان لەگەل واژۆی بارزانی هەیە".
هاوکات،ئاسۆ مەحمود ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاندووە "بزووتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی نیشتمانی بەشێوەی لەكۆبوونەوە فەرمی‌و نافەرمییەكانیش چەندین جار جەختمان كردووەتەوە، كە پابەند دەبین بەرێككەوتنەكەی نێوانمان‌و لەكاتی خۆیدا ئاڵۆگڕی پۆستی پارێزگارەكانی هەڵەبجەو سلێمانی دەكەین".

ئاسۆ مەحمود، كە هاوكات باژێڕوانی سلێمانیی بزووتنەوەی گۆڕانە، وتیشی "لەنێوان گۆڕان‌و یەكێتیدا هیچ كێشەو رێگرییەك نییە بۆ جێبەجێكردنی بەندەكانی رێككەوتنەكەی یەكێتی‌و گۆڕان لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی ئیدارەی سلێمانی‌و هەڵەبجە".









باسنیوز
Top