پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی ئیسلامی: ئیئتیلافەکەی مالیکی بە مەبەستی سیاسی هۆشیار زێباری کردووەتە ئامانج
ئەمڕۆ شەممە 6\8\2016، زانا ڕۆستایی، پەرلەمانتاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی، ڕایگەیاند: “هەیسەم جبووری، سەرۆکی لیستی کەفائە و ئەندامی لێژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای گەیاندووە، داوای لێپرسینەوە لە هۆشیار زێباری، وەزیری دارایی عێراق دەکەن و رێکاری یاسایی لەسەر ئەو پرسە گرتووەتە بەر، بەڵام ڕۆژی لێپرسینەکە دیاری نەکراوە”. ڕوونیشی کردەوە: “تا ئێستا ئەو بەڵگانەی بڵاو نەکردووەتەوە و باسی لەوە کردووە کە دۆسیەی گەندەڵی لەلایە، بەڵام ئەگەر هاتوو نەیتوانی بەڵگەکان بخاتە ڕوو، گرفتی بۆ دروست دەبێت، چونکە بە ئاسانی ئەنجومەنی وەزیران نایەوێت وەزیرەکانی ڕەوانەی پەرلەمان بکات".
ئەو ئەندامە کوردەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی ڕوون کردەوە: “لە عێراقدا هەموو جموجۆڵێک مۆرکێکی سیاسی پێوەیە و بە شێوەیەکی پیشەییان کار ناکرێت، بە دووری نازانم کە ئەمە دەوڵەتی یاسا دەیکات وەک کاری فشاری سیاسی لە ڕێگای هەیسەم جبوورییەوە ئەنجامی دەدات کە بەرانبەر بە کورد هەڵوێستی باش نەبووە، بۆیە پێم وایە بابەتێکی سیاسییە".
جەختیشی لەوە کردەوە: “هۆشیار زێباری کەسایەتییەکی سیاسیی دەوڵەتی عێراق و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتییە و داواکارم نەکرێتە بەشێک لە ململانێ سیاسییەکان”.
باسنیوز
