بەرپرسێکی یەکێتی لە هەولێر: یەکێتیش لە گەندەڵی و قەیرانەکاندا بەرپرسە

 بەرپرسێکی یەکێتی لە هەولێر: یەکێتیش لە گەندەڵی و قەیرانەکاندا بەرپرسە
بەرپرسێکی پێشووی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە مەڵبەندی سێی هەولێر رایدەگەیەنێت، کە یەکێتیش پشکی لە قەیران و گەندەڵییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە.

بەکر ئەحمەد، جێگری پێشووی لێپرسراوی مەڵبەندی سێی یەکێتی لە هەولێر لە ئەکاونتی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاندووە، کە قادر عەزیز، سکرتێری حزبی ئایندەی کوردستان ”پیاوێکی وشیارە، زۆر باشیش شارەزای ناو یەکێتییە“ و دەزانێ بچێتە ژێر کام باڵ یاخود سەر بە کام باڵ بێت، چونکە لە ناو یەکێتیدا ”ناتوانی بژی، گەر سەر بە بالێک نەبیت“.

بەکر ئەحمەد، کە بە بەکرە سوور ناسراوە، چوونی قادر عەزیز بۆ ناو حزبەکەی بە ”کارێکی پیرۆزە“ دادەنێت و باس لە ئەگەری ئەوەش دەکات، کە سکرتێری حزبی ئایندە ببێتە باڵێکی دیکەی ناو یەکێتی و ”چارەسەری کێشەکانی یەکێتی بکات“.

ئەو بەرپرسەی پێشووی یەکێتی پەیامێکیشی بۆ سەرکردایەتیی حزبەکەی ناردووە و تێیدا وەرگرتنی قادر عەزیز لەلایەن یەکێتییەوە بە ”کارێکی باش“ دادەنێت و دەپرسێت، ئەگەر وەرگرتنی قادر عەزیز بە مەبەستی رێکخستنەوەی نێو ماڵی کوردە، ”بۆچی نێو سەرکردایەتیی یەکێتی ریکناخەن و مەرکەزێکی بڕیاری بۆ دروست ناکەن؟“.

بەکرە سوور ئاماژەی بەوەش کردووە، کە حزبەکەی سەدان کادیر و ئەندامی ”دڵسۆز و شۆڕشگێڕ“ی خۆی پشتگوێ خستووە بەهۆی ئەوەی ”سەر بە هیچ باڵێک نین یاخود باڵێکی دەستڕۆیشتوو پاڵی پێوە ناون“.

ئەو بەرپرسەی پێشووی یەکێتی لە هەولێر لێدوانێکی بەرپرسانی یەکێتی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بەڵگە بۆ قسەکانی دەهێنێتەوە، کە یەکێتیش پشکی لە قەیران و گەندەڵییەکان هەیە ”یەکێتیش تێیدا شریکە“.

هەفتەی رابردوو، سەرکردایەتیی حزبی ئایندەی کوردستان پلنیۆمێکی ئەنجام دا و دواتر قادر عەزیز لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کە سەرکردایەتیی حزبی ئایندە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆی و چوونە ریزەکانی یەکێتی دا.









باسنيوز
Top