ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی: گۆڕان شکستی هێناوە و هەلی پەیدابوونی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینەشی لەبار بردووە

 ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی: گۆڕان شکستی هێناوە و هەلی پەیدابوونی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینەشی لەبار بردووە
سەرکردەیەکی پارتی رەخنە لە گۆڕان دەگرێت و پێی وایە لەگەڵ دروشمەکانی یەک ناگرێتەوە، چونکە ناتوانێت خۆی لەگەڵ دۆخەکە بگونجێنێت.


ئەمڕۆ شەممە 6\8\2016، عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان،ڕایگەیاند: “بەهەموو پێوەرێک بزووتنەوەی گۆڕان بزووتنەوەیەکی شکستخواردووە، چونکە پێوەری نەتەوەیی و حزبایەتی و پاکی و بێگەری و خائین و خۆفرۆشییان کردووەتە ئامرازێک، کێیان بوێت دەیکەنە نیشتیمانپەروەر و کێیان بوێت، دەیکەنە خائین و خۆفرۆش”.

ئەوەشی ڕوون کردەوە: “لە کاتێکدا تا دوێنێ کراسی گەندەڵی و خۆفرۆشییان دەکردە بەری یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، بەلای ئەوانەوە وایە کە کێ دەیەوێت ببێتە پاک و بێگەرد و نیشتیمانپەروەر، دەبێت بچێتە ژێر دەستی نەوشیروان مستەفا و بزووتنەوەی گۆڕانەوە”. گوتیشی: “خێرە تا دوێنێ ئەوان بە یەکێتییان دەگوت خائین و خۆفرۆش و دز و گەندەڵ، ئێستا نەوشیروان مستەفا ڕێنمایی دەداتە ڕاگەیاندنی گۆڕان تا بەرگری لەوانە بکەن کە تادوێنێ بوو نەفرەتی لێدەکردن؟".

بە بڕوای ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی، کاتی ئەوەیە کە خەڵک لەدژی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا هەڵسن و قەبوڵ نەکەن. لەمبارەیەشەوە گوتی: “ئێستا خەڵک لە نەوشیروان مستەفا و گۆڕانیش هەڵساوەتەوە، پایز و گەڵاڕێزانی گۆڕان دەستی پێ کردووە، وەک گەڵای دار، ئەندامیان لێ جیا دەبێتەوە، ئەو خەڵکە دەپرسن ئێمە نەهاتووینەوە ناو گۆڕان تا بە کۆمەڵ بمان بەیتەوە ناو یەکێتی، یان بمانکەیتە یەکێتی، خۆمان رێگای یەکێتیمان دەزانی، بۆیە گۆڕان بووە هۆی لەناو چونی بزووتنەوەی ڕاستەقینەی ئۆپۆزسیۆن لە کوردستان”.









باسنیوز
Top