هاودیانی: مووچەی چاودێریی خێزان دەست پێ دەكاتەوە

 هاودیانی: مووچەی چاودێریی خێزان دەست پێ دەكاتەوە
وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، مووچەی چاودێریی خێزان نەبڕدراوە و بە بڕیاری لیژنەی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی راگیراوە، لە ئێستایدا لیژنەیەك پێك هاتووە و دەستی بەكارەكانی كردووە بۆ پێداچوونەوەی ئەوانەی ئەو مووچەیە وەردەگرن و، هەركاتێك ئەو لیژنەیە كارەكانی تەواو كرد، ئەوانەی خاوەن ماف بن، دووبارە ئەو مووچەیەیان پێ دەدرێتەوە.

(محەممەد هاودیانی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كورستانی راگەیاند: "مووچەی چاودێریی خێزان لەلایەن لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی قەیران راگیراوە و، لەلایەن ئێمەوە نەبووە، لە ئێستایشدا لیژنەیەكمان پێك هێناوە بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە، لەبەر ئەوەی بەشێكی زۆر لەوانە موستەحەقن كە ئەو مووچەیە وەربگرن".

(هاودیانی) گوتیشی، پێداچوونەوە بە مووچەی چاودێریی خێزاندا دەكرێت و لە زووترین كاتدا داوا دەكەین دووبارە مووچەكانیان بگەڕێتەوە".

وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی ده‌شڵێت، پێداچوونەوە بەناوەكانیاندا دەكرێت كە رێنماییەكان ئەوانە دەگرێتەوە كە مووچەی چاودێریی خێزان وەردەگرن یاخود نا، ئەوەی رێنماییەكان بیگرێتەوە دواتر مووچەكەی بۆ دەگەڕێتەوە.

دەشڵێت، لیژنەیەك بۆ ئەو مەبەستە پێك هاتووە و دەستی بە كارەكانی كردووە و بەردەوامن.










KDP
Top