دەزگای بارزانی خۆراک بەسەر شەش هەزار خێزان دابەش دەکات
بەپێی راگەیەندراوێک، دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاندووە، رۆژی پێنجشەممە 4ـی ئابی 2016، دەزگاکە بە ھەماھەنگیی پرۆگرامی خۆراکی جیھانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان WFP، بەشەخۆراکی مانگانەی بەسەر 6129 خێزانی ئاوارە لە شارۆچکەی خەبات، شاری کۆیە، شارەدێی کەڵەک و کەمپەکانی دیبەگە و بەحرکە دابەش کرد.
ئەو بەشە خۆراکە پێکهات بوو لە (70 کیلۆ برنج، نۆک، خوێ، زەیت، ئارد، پاقلە، ساوار، فاسۆلیا).
موسا ئەحمەد، جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاندووە، کە دەزگاکە بە هەماهەنگیی WFP مانگانە خۆراک و پێداویستیی سەرەکیی ژیان بەسەر 75.369 خێزان دابەش دەکات.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دەزگایەکی کوردستانییە و لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە فەرمی وەک رێکخراوێکی خێرخوازیی ناسێنراوە و هاوکاریی خەڵکی هەژار و ئاوارەکان لە کوردستان دەکات.
بەهۆی شەڕی تائیفیی سوننە و شیعەکانی عێراق و هێرشی رێکخراوی توندڕەوی داعش بۆ سەر کوردستانی باشوور و رۆژئاوا و عێراق و سووریا، زیاتر لە 1.8 ملیۆن هاووڵاتیی کوردستانی رۆژئاوا، سووریا و عێراق ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون.
باسنیوز
