فوئاد حوسێن سەردانی نەوشیروان مستەفا دەکاتەوە

فوئاد حوسێن سەردانی نەوشیروان مستەفا دەکاتەوە
بەمەبەستی خۆئامادەکردن و رێکخستنی چەند دانیشتنێکی لەگەڵ بەرپرسانی گۆڕان و یەکێتی، لەڕۆژی هەینییەوە 5-8-2016 سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەسەر راسپاردەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەچێتەوە سلێمانی و چەند رۆژێک لەو شارە دەمێنێتەوە.
سەرچاوەیەکی باڵا لە بزووتنەوەی گۆڕان کەنەیویست ناوی بهێنرێت سەرباری پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە، بە تۆڕی میدیایی روودای راگەیاند: "سەردانی ئەمجارەی نوێنەرەکەی بارزانی بۆ وەرگرتنی پاکێجێکی ئامادەکراوی دووقۆڵی گۆڕان و یەکێتیە لەبارەی سەرجەم کێشە ناکۆکی لەسەرەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمان و حکومەتە، ئەوە دوایین هاتنە پێشی هەردوو لایەنە لەسەر کۆی قەیرانەکان".

بەگوتەی سەرچاوەکەی گۆڕان، بڕیارە فوئاد حوسێن چەند رۆژێکی دیکە لەسلێمانی بمێنێتەوە تا دەگەنە ئەنجام یان بنبەست.

رۆژی پێنجشەممە 4-8-2016 گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان دەستیپێکرد، بۆ دووەم جاریش فوئاد حوسێن و عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە ھەولێر کۆبوونەوە.

حەسەن بابەکر، بەرپرسی نووسینگەی ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "د.فوئاد حوسێن گەشبین دیاربوو پێیوابوو لایەنەکان نەرمیان نواندووە و بە نیازە جارێکی دیکە لەگەڵ لایەنەکان کۆببێتەوە، لە نێویشیاندا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، مامۆستا عەلی باپیریش ئاماژەی بەوەدا مادام لایەنەکانی دیکە نەرمیان نواندووە، پێویستیش دەکات پارتیش زیاتر نەرمی بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخە بنوێنێت".

مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان و زەمینەسازی بۆ کۆبوونەوەی لایەنەکان، فوئاد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتی خۆی راسپاردووە وەک دەسپێشخەرییەک لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆبێتەوە.

بارزانی رۆژی چوارشەممە 3-8-2016 و لە ساڵیادی کارەساتی شنگال لە گوتارێکدا ئاماژەی بە دەستپێشخەرییەکەی و ناردنی فوئاد حوسێن بۆلای لایەنە سیاسییەکان کردو گوتی: "ئێمە دەستپێشخەرییەکمان پێشکەش کردووە، بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، هیوادارم بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەو دەستپێشخەرییە بکەن، پێمخۆشە بەباشی هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن و بەرپرسیارانە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، چونکە هیچ رێگەیەکی دیکە لەبەردەممان نەماوە".

رۆژی 14-7-2016 فوئاد حوسێن لەگەڵ عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە شاری ھەولێر کۆبووەوە. ھەروەھا رۆژی 16-7-2016 لەگەڵ سەلاحەدین بەھائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دوو قۆڵی لە ھەولێر کۆبوونەوە.

ئێوارەی رۆژی 24-7-2016 سەرۆکی دیوانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ھەر یەک لەنەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی کۆبووەوە.

رۆژی 25-7-2016 ھەر لە سلێمانی فوئاد حوسێن لەگەڵ کۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆبووەوە.

رۆژی 26-7-2016 سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەدھەم بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی کۆبووەوە

رۆژی 26-7-2016 فوئاد حوسێن، بۆ دووەمجار لە سلێمانی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا، کۆبووەتەوە. ھەروەھا رۆژی 27-7-2016 فوئاد حوسێن لەگەڵ محەممەدی حاجی مەحموود، سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە.

بەپێی زانیارییەكانی (رووداو) كە لە سەرچاوەیەكی باڵاوە دەستی كەوتووە، فوئاد حوسێن لە سلێمانی سێ كۆبوونەوەی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان كردوون، دوو لە كۆبوونەوەكان دووقۆڵی بوون (یەكێكیان لەگەڵ گۆڕان و یەكێكیان لەگەڵ یەكێتی)، كۆبوونەوەی سێیەمیش سێ‌ قۆڵی بووە (نوێنەری بارزانی، گۆڕان و یەكێتی).

لەبارەی كۆبوونەوەی سێیەم سەرچاوەكەی رووداو گوتی "كۆبوونەوەی سێیەم بۆ ئێوارەخوانێك لە ماڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و بە حزووری نەوشیروان مستەفا و نوێنەری بارزانی كۆبوونەوەكە كراوە و كەسی دیكە تێیدا بەشدار نەبووە، كۆبوونەوەكەش سێ كاژێری خایاندووە".



rudaw
Top