لە حاجی ئۆمەران رێگری لە 60 کەس دەکرێت بچنە ئێران
سەردار ئازاد، بەرپرسی بەشی راگەیاندنی رێکخراوی پێگەیاندنی سەرکردە، کە سەرپەرشتی ئەو 60 کەسە دەکات لە لێدوانێکدا بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند" ماوەی زیاتر لە 5 کاژێرە رێگری لە 60 کەس، کە لە رۆژنامەنووس و نووسەر و هاونیشتمانی ئاسایی پێکهاتووە کراوە و رێگەمان پێنادەن بچینە سنووری ئێران".
بەرپرسی بەشی راگەیاندنی رێکخراوی پێگەیاندنی سەرکردە ئاماژەی بەوەشدا " ئێمە نزیکەی چەند مانگێکە خولێکی فارسیمان بۆ 60 کەس کردووەتەوە، دوو خولمان لە هەولێر کرد و ، دواتر پەیوەندیمان لەگەڵ زانکۆی (شەهید بەهەشتی) لە تاران کرد و رەزامەنی ئەوەیان بە ئێمەدا کە خولی سێیەمان لەو زانکۆیە پێ بکەن و دواتر بڕوانامەمان پێ بدەن، بەڵام لە سنووری حاجی ئۆمەران رێگریمان لێدەکرێت و ناهێڵن بچینە ئێران".
سەردار ئازاد هۆکاری رێگرییەکە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە"گوایە ئێمە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندیمان وەرنەگرتووە، بۆیە ناتوانین بچینە سنووری ئێران، ئەمە لەکاتێکدایە کە ئێمە سەر بە رێکخراوی فەرمانگە ناحکومییەکانی هەرێمی کوردستانین و رێکخراوەکە رەزامەندی حکومەتی هەرێمی کوردستانی وەرگرتووە".
هۆگر ئەکرەم، یەکێک لەو بەشداربوانەی کە لەگەڵ ئەو 60 کەسەدایە لە لێدوانێکدا بۆ رووداو گوتی " ئێمە لەگەڵ چەند رۆژنامەنووس و هاونیشتمانی هەرێمی کوردستان بەشداریمان لە خولێکی زمانی فارسیدا کردووە و بەهاوکاری رێکخراوی پێگەیاندنی سەرکردە، ویستمان بچین بۆ یەکێک لە زانکۆکانی تاران، بەڵام لە سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران رێگریمان لێکراوە و بەرپرسانی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران ناهێڵن بچینە سنووری ئێران".
لەبەرامبەردا مەسعود باتێلی ، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەو 60 کەسە لەبەرئەوە رێگەیان پێنادرێت، چونکە بەهیچ شێوەیەک هەماهەنگیان لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان نەکردووە، لەبەر ئەوە کاتێک شاندێک لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەرەوە دەچێت یاخود بە پێچەوانەوە، دەبێت ئەوان ئاگادار بکرێنەوە، بەڵام ئەوان هەماهەنگیان لەگەڵ ئەواندا نەکردووە بۆیە ئێمە وەک دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران رێگریمان لێکردوون".
سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران گوتیشی: " هەر کاتێک ئەوان هەماهەنگیان لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کرد، ئێمەش رێگەیان پێدەدەین و هیچ لارییەکمان نییە".
rudaw
