"زۆر پەرلەمانتاری دیکەیش گەندەڵییان کردووە"

بڕیاردەری فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، ئەگەر وەزیرەكانی دیکەی حكوومەتی عێراق زات بكەن دنیایەك گەندەڵیی پەرلەمانتاران هەیە تا ئاشكرای بكەن.

(نەدا میرگەسۆری) بڕیاردەری فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "گەندەڵی بەشێكە لەو بەزمە قیزەونە نەخوازراوەی ئێستای سیاسەت و حكوومەت و پەرلەمانی عێراق و، كەسیش ناتوانێ نكوڵیی لێ بكات؛ زۆرجاریش بەهۆی بەرژەوەندی هەندێك بەرپرس جا لە حكوومەت بێ یان لە پەرلەمان گەندەڵییەکی زۆر گەورە دەكرێ، بەڵام پەردەپۆش و دیزە بە دەرخۆنەی دەکەن. زۆر جاری تریش گەندەڵییەکەی پەرلەمانتاران و دەسەڵاتدارانی حكوومەت ئاشكرا كراوە."

(میرگەسۆری) جەختیشی كردەوە: "لەكاتی بانگهێشتكردن و كۆڵینەوە لە وەزیرەكانی تری حكوومەتی عێراقدا، ئەگەر وەزیرەكانی تری حكوومەت زات بكەن دنیایەك گەندەڵی تری پەرلەمانتاران هەیە تا ئاشكرای بكەن. كردنەوەی هەر دۆسیەیەك دۆسیەی تری بە دواوە دێت؛ بۆیە دەبێت هەموو لایەك وریایانە مامەڵە لەگەڵ بابەتی گەندەڵیی پەرلەمانتاراندا بكەن، چونكە گەندەڵی بە تەواوەتی هەموو كایەكانی عێراقی داگیر كردوە و، دەبێ ڕیشەڵکێش بكرێت."










KDP
Top