نوێنەرێکی نەینەوا: داوا لە بارزانی دەکەین بمانخاتەوە سەر کوردستان

 نوێنەرێکی نەینەوا: داوا لە بارزانی دەکەین بمانخاتەوە سەر کوردستان
پەرلەمانتارێکی پارێزگای نەینەوا رایدەگەیەنێت، کە داوایان لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ناوچەکانیان بخاتەوە سەر هەرێمی کوردستان.



رۆژی پێنجشەممە 4ـی ئابی2016، سالم شەبەک، پەرلەمانتاری عێراق رایگەیاندووە، کە دوای رزگارکردنەوەی مووسڵ، هاووڵاتییانی کوردی شەبەک لە پارێزگای نەینەوا داوای دامەزراندنی پارێزگای دەشتی نەینەوا و لکاندنی ئەو پارێزگایە بە کوردستانی باشوور دەکەن.



سالم شەبەک هەروەها رایگەیاندووە، کە شەبەکەکان لیستێکی داواکارییەکانیان پێشکەشی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە و پێیان راگەیاندووە، کە شەبەکەکان دەیانەوێ واژۆ بۆ دابڕاندنیان لە عێراق و پارێزگای نەینەوا کۆ دەکەنەوە، تاوەکو بخرێنە سەر هەرێمی کوردستان.



ئەو پەرلەمانتارەی عێراق، کە لێدوانی بۆ (سۆمەرییەنیوز) داوە، ئاماژەی بەوە کردووە، کە شەبەکەکان دەیانەوێ بخرێنەوە سەر هەرێمی کوردستان، چونکە ”چارەنووسی ئێمە پەیوەستە بە چارەنووسی خزم و کەسانمان لە کوردستان، ئێمە چەند عەشیرەتێکی کوردیی رەسەنین“.



بە گوتەی سالم شەبەک، 1384 کوردی شەبەک لە ساڵی 2003ـەوە لەسەر ناسنامەی نەتەوەییان شەهید کراون و دوای داگیرکردنی مووسڵیش لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعشلە مانگی حوزەیرانی 2014، ئەو رێکخراوە توندڕەوە 208 هاووڵاتیی کوردی شەبەکی رفاندووە و تاوەکو ئیستا چارەنووسیان دیار نییە.



ژمارەی هاووڵاتییانی شەبەک نزیکەی 500 هەزار کەسە (زانیاریی ویکیپێدیا) بەسەر نزیکەی 60 گوندی دەشتی نەینەوا لە رۆژهەڵات و باکووری مووسڵدا دابەش بوون. ئەوان بە نەتەوە کوردن و بە ئایین موسڵمانن.




باسنيوز
Top