نوجەیفی: ئێران تەنیا دەسەڵاتی بەسەر مووسڵ، هەولێر و دهۆکدا نییە
ئەسیل نەجەیفی، پارێزگاری پێشووی نەینەوا رۆژی پێنجشەممە 4ـی ئابی 2016 بە رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی راگەیاندووە، سوپای عێراق، هێزەکانی پێشمەرگە، حەشدی نیشتیمانیی، بەشێک لە حەشدی عەشایرەکان و هێزی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بەشداریی شەڕی رزگار کردنەوەی مووسڵ دەکەن و جارێکی دیکە بەشداریکردنی حەشدی شەعبیی شیعەمەزهەبی رەت کردەوە، کە ”ئێران پاڵپشتییان دەکات“.
ئەسیل نوجەیفی، کە فەرماندەی میلیشیای حەشدی نیشتیمانیی خۆبەخشانی سوننەی مووسڵە، پێیوایە خەڵکی ناو مووسڵ لە چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش رادەپەڕن و ئۆپەراسیۆنی رزگار کردنەوەکەش لەلایەن ئەو هێزانەی لە دەوروبەری مووسڵ دان ”لە پاییزی داهاتوو دەست پێدەکات“.
پارێزگاری پێشووی نەینەوا پێیوایە ئێران دەستی بەسەر 14 پارێزگای عێراق و دوو پارێزگای هەرێمی کوردستاندا گرتووە و دەیەوێ بە بەشداری پێکردنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی رزگار کردنەوەی مووسڵ، کە ”بەردەوام جەختی لەسەر دەکاتەوە“، دەست بەسەر پارێزگای نەینەوادا بگرێت و دواتریش هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆکیش لە هەرێمی کوردستان، بخاتە ژێر رکێفی خۆی.
ئەسیل نوجەیفی باسی بەرنامەی میلیشیا شیعەکان لە پارێزگای نەینەوا دەکات و پێیوایە ئەوان دەیانەوێ بگەنە شاری تەلەعفەر و دەشتی نەینەوا، بەڵام ”پێویستییان بە رەزامەندیی هەرێمی کوردستانە“ و بەرژەوەندییەکانی کوردیش لەگەڵ بوونی حەشدی شەعبی لە ناوچەکە یەکانگیر نییە.
هەروەک نوجەیفی رایگەیاندووە، بەشداریکردنی حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی رزگار کردنەوەی مووسڵ، ناوچەکە دەباتە قۆناغێکی نوێی ململانێ و رکابەریی و شەڕی تائیفیی نێوان سوننە و شیعە فراوانتر دەکات.
ئەو سەرکردەیەی نەینەوا، کە یەکێکە لە سەرکردەکانی پێکهاتەی سوننەی عێراق، ئاماژەی بەوە کردووە، کە حوکمڕانیی لە هەرێمی کوردستان ”تاکە ئەزموونی سەرکەوتووی هەموو عێراقە“ و نیازی خۆیشی نیشان دا بۆ دامەزراندنی هەرێمی نەینەوا دوای رزگار کردنەوەی مووسڵ و رایگەیاند، پێویستە دوای پێکهێنانی هەرێمەکە، لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ”لەسەر ناوچە کێشە لەسەرەکان گفتوگۆ بکەین و رێک بکەوین“.
دوای شکستپێهێنانی سوپای عێراق لەماوەی چەند سەعاتێکدا لە مانگی حوزەیرانی 2014، چەکدارانی داعش شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای نەینەوایان داگیر کرد، بە ناوچە کوردستانییەکانی سنووری ئەو پارێزگایەشەوە.
هێزەکانی پیشمەرگەی کوردستان هەموو ناوچە کوردستانییەکانیان رزگار کردووەتەوە و مەسعود بارزانیش رایگەیاندووە، کە ئەو ناوچە کوردستانییانەی رزگار کراونەتەوە، جارێکی دیکە رادەستی عێراق و سوپاکەی ناکرێنەوە و پێشمەرگە پاشەکشە ناکات.
باسنیوز
