سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداریی لە مەراسیمی ساڵیادی كارەساتی شنگال لە شاری دهۆك دەكات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداریی لە مەراسیمی ساڵیادی كارەساتی شنگال لە شاری دهۆك دەكات
ڕۆژی چوارشەممە 3ـی 8ـی 2016 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداری مەراسیمی ساڵیادی كارەساتی شنگال لە شاری دهۆك كرد.لە مەراسیمەكەدا كە ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتیان و كەسوكاری قوربانیانی كارەساتی شنگال و كەسایەتی و پیاوانی ئایینی ئێزیدی و مەسیحی و ئیسلام و نوێنەر و كونسوڵی وڵاتانی بیانی و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و كەسایەتییە سیاسی و حزبی و ئیدارییەكانی هەرێمی كوردستان ئامادە بوون، سەرەتا سەرۆك بارزانی پێشانگایەكی فۆتۆگرافی لە شوێنی مەراسیمەكە بەسەر كردەوە كە تایبەت بوو بە وێنەی ئەو كارەسات و ئازارانەی كە لە ئەنجامی پەلاماری دڕندانەی تیرۆریستانی داعش بەسەر ئێزیدییەكاندا هاتووە.هەر لەو مەراسیمەدا سەرۆك بارزانی وتەیەكی بۆ ئامادەبووان پێشكەش كرد و وێڕای بەخێرهێنانی میوان و ئامادەبووان باسی لە كارەساتی شنگال كرد و ڕايگه‌ياند، دوو ساڵ به‌ر له‌ ئێستا كاره‌ساتێكى مه‌زن به‌سه‌ر گه‌لى كورددا له‌ شنگالدا هات. ئه‌مه‌ يه‌كه‌م كاره‌سات نه‌بووه‌ و به‌ هيواى ئه‌وه‌ى دوايين كاره‌سات بێت و ئەو كارەساتە درێژەی ئەو زنجیرە كارەساتانەیە كە بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە، هەر لە وێرانكردنی چوارهەزارو پێنجسەد گوند بگرە هەتا بێسەروشوێنكردنی دوازدەهەزار گەنجی فەیلی و هەشتهەزار بارزانی و سەدوهەشتاودوهەزار ئەنفالی گەرمیان و كیمیابارانكردنی هەڵەبجە. سه‌باره‌ت به‌ تاوانه‌كانى داعش، سەرۆك بارزانی گوتى: ئه‌وه‌ى تيرۆريستيانى داعش ده‌يكه‌ن له‌ هيچ ياسا و ئاينێكدا جێى نابێته‌وه‌ و ئه‌وان هیچ ئایین و ناموسێكيان نييه‌ و گه‌لى ئێمه‌ بە ڕەوشتی بەرزی خۆی سه‌لماندى كه‌ گه‌لێكى ئاينداره و پێشمەرگە مەردانە تۆڵەی لە داعش كردەوە‌. هەروەها ڕایگەیاند ئه‌وه‌ى به‌سه‌ر ئێزدييه‌كاندا هاتووه‌ به‌سه‌ر هه‌مووماندا هاتووه‌ و كچى ئێزدى نامووسى هه‌موو كورده‌ و ئه‌و رۆژه‌ى بابه‌شێخى ئێزدييان هات و گوتى: ئه‌و پێى وتم كه‌ئه‌و ئێزدخانه‌ له‌ناو چووه‌، منيش پێم گوت: تا كورد مابێت ئيزدخان له‌ناوناچێت و به‌ڵێنم پێدا كه‌ تۆڵه‌ى ئه‌و كاره‌ساته‌ ده‌كه‌ينه‌وه‌، به‌ڵام تۆڵه‌كردنێكى كوردانه‌.سەرۆك بارزانی لەبارەی قوربانیدانی پێشمەرگە ئەوەی خستەڕوو كە هەتا رێگه‌ى شنگال رزگار كرا 500 شه‌هيدمان داوه‌. ئەوەیشی پێشنیار كرد، شارى شنگال وه‌ك ئه‌وه‌ى ئێستا هه‌يه‌ بمێنێته‌وه وەك هێمایەك بۆ نەهامەتییەكانی گەلی كورد‌ و له‌ نزيك شنگال شارێكى ديكه‌ درووستبكرێت. سه‌باره‌ت به‌وانه‌ى هاوكارى داعشيان كردووه‌، سه‌رۆك بارزانی گوتى: هه‌موو ئه‌وانه‌ى هاوكارى داعشيان كردووه‌، ده‌بێت به‌ سزاى خۆيان بگه‌يه‌ندرێن و ئه‌وانه‌ى رۆژێك هاوكارى داعش بوونه‌ دوژمنى ئێمه‌ن و ئه‌وه‌ى دژى داعشه‌ دۆست و هاوڕێمانه‌.له‌ كۆتايى وتاره‌كه‌شيدا، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان باسى له‌ رزگاركردنى موسڵ كرد و گوتى: رزگاركردنى موسڵ بۆ هه‌رێمى كوردستان زۆر گرنگه‌ و وه‌ك چۆن به‌ڵێنم به‌ ئێزدييه‌كان دا شنگال رزگار ده‌كه‌ين، ئێستاش به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌ڵێن به‌ هاووڵاتيانى مه‌سيحى ده‌شتى نه‌ينه‌وا ده‌ده‌م، كه‌ ناوچه‌كانيان رزگار ده‌كه‌ين و ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ و حاڵى خۆيان. سه‌باره‌ت به‌ چاره‌نووسى هه‌رێمى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، سه‌رۆك بارزانی رايگه‌ياند، پێويسته‌ ئێمه‌ بڕيارى خۆمان بده‌ين، يان ئه‌وه‌تا رازى بين خه‌ڵكى ديكه‌ له‌ باره‌ى ئێمه‌وه‌ بڕيار بدات و ئه‌و كاته‌ش گله‌يمان نه‌بێت يان ده‌بێت موجازه‌فه‌ بكه‌ين و خۆمان بڕيارى خۆمان بده‌ين و ئاماده‌ى ئه‌و موجازه‌فه‌يه‌ بين و سه‌ربه‌خۆيى ته‌نيا رێگه‌يه‌ بۆ دووباره‌ نه‌بوونه‌وه‌ى ئه‌و كاره‌ساتانه‌ و جگه‌ له‌سه‌ربه‌خۆيى هيچ رێگايه‌كى ديكه‌مان له‌به‌رده‌مدا نييه‌.
Top