گۆڕینی چەند بەرپرسێکی ئەمنی ناکۆکییەکی نوێ لەنێو باڵەکانی یەکێتی دروست دەکات
بە گوێرەی زانیارییەکان کە لە سەرچاوەیەکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە دەستی کەوتووە، هەرچەندە کە بڕیار بوو عەلی محەمەد شاسوار، بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان بگۆڕدرێت و لە جیاتی ئەو، نەوشیروان ئەحمەد، کە جێگریەتی لە شوێنەکەی دابنرێت، بەڵام ناکۆکی درووست بووە. ئەوەشی ئاشکرا کرد کە گۆڕانکارییەکە لەسەر داوای هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییە.
لە بەرامبەر هەوڵەکەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، مەحموود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پشتیوانی لە مانەوەی عەلی محەمەد شاسوار لە پۆستەکەی دەکات، بەو هۆیەوە دوێنێ سێشەممە 3\8\2016، مەحمود سەنگاوی بە سیفەتی سەرپەرشتیاری ڕێکخستنەکانی یەکێتی لە گەرمیان، لەگەڵ عەدنانی حەمەی مینا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی کە سەر بە باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدە، کۆبوونەوەیەکیان بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان ئەنجام داوە.
هەر لەمبارەیەوە، مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ڕایگەیاند: “من لە ڕێگای ڕاگەیاندنەکانەوە ئەوەم زانیوە، بەڵام مادام لێدوانی ڕۆژنامەنووسی لەو بارەوە دراوە و قسەی دژبەرەکان وەرگیراوە، ئەوا مانای وایە کە گرفت هەیە، ئیتر نازانرێت ئەم گرفتە لەسەر چییە و کەی چارەسەر دەبێت؟”.
لە بەرامبەر هەوڵەکانی لادانی لە پۆستەکەی، عەمید محەمەد عەلی شاسوار لە ڕوونکردنەوەیەکدا، ڕایگەیاندووە: “ئەوەی بۆ من جێی نیگه‌رانییه و وایكردووه سوور بم له‌سه‌ر به‌رده‌وام بوون له پۆسته‌كه‌م، شێوازی ده‌ركردنی فه‌رمانی گۆڕینمه، كه له‌پای 30 ساڵ خزمه‌ت و شه‌ونخونی و پاراستنی ئه‌منیه‌ت و سه‌ر و ماڵی هاووڵاتییان، كه‌چی به‌و شێوه‌یه پاداشته‌كه‌م دراوه‌ته‌وه كه بێ ئاگاداری خۆم و كاتێك بڕیاری له‌سه‌ر كار لابردنم ده‌ربكرێت، خۆم به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری پزیشكی له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات بم”.
بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان جەختی کردووەتەوە: “له‌هه‌مووی ناخۆشتر و قورس‌تر بریاری گواستنه‌وه‌ی من له ئیداره‌یه‌كی گه‌وره‌ی وه‌كو گه‌رمیانه‌وه بدرێت بۆ یاریده‌ده‌رێتیی ئاسایشی چه‌مچه‌ماڵ كه پێشتر یارێده‌ده‌رێتییه‌كی سه‌ر به ئێمە بووە”. ئەوەشی بە هه‌وڵێك بۆ شكاندنی شكۆی خۆی “وه‌كو ئه‌ندامێكی خێزانێكی قوربانیده‌ر و شۆڕشگێڕ” لە قەڵەم داوە و دەڵێت: “قابیلی قه‌بوڵ نییه و له پێناو گێرانه‌وه‌ی شكۆدا ئاماده‌م هه‌موو قوربانییه‌ك بده‌م”.
ئەمە لە کاتێک دایە کە جگە لە بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان، ژمارەیەک بەڕێوەبەری دیکەی ئاسایش لە یەکە ئیدارییەکانی دەڤەری سلێمانی، گۆڕانکارییان تێدا کراوە کە زانیارییەکان ئەوە دەردەخەن، لە لایەن باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدەوە کەسانێک بۆ ئەو پۆستانە پێشنیاز کراون.
باس‌نیوز
