ناتۆ رێككەوتنی سەربازی لەگەڵ كوردستان ئیمزا دەكات
نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەورووپا بۆ رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"ی لەندەنی ئاشكرای دەکات، لە 2019 هەرێمی كوردستان غازی سرووشتی هەناردەی بازاڕەكانی ئەورووپا دەكات، نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە ئەورووپا دەڵێت، وڵاتانی ئەورووپا ناتوانن بەشێوەی راستەوخۆ چەك بۆ پێشمەرگە بنێرن. بەڵام گەل و دەوڵەتانی ئەورووپا پشتیوانی مافی چارەی خۆنووسینی كوردستان دەکەن.
دلاوەر خالید ئاژگەیی نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەورووپا لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" ڕایگەیاند: وڵاتانی ئەورووپا كۆسپ و لەمپەری زۆریان دێتە بەردەم كاتێك چەكی قورس بۆ پێشمەرگە دەنێرن، چونكە لە رووی پڕۆتۆكۆڵییەوە كوردستان سەربەخۆ نییە و لەبەر ئەوەیە کە ناتوانن راستەوخۆ چەك بنێرن. هاوكات وڵاتانی ئەورووپا جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە پێشمەرگە پێویستی بە مەشق و راهێنانی زانستی سەردەم هەیە، ئەو كات دەتوانن چەكی رۆژئاوایی و ئەورووپا بێ كێشە بەكاربهێنن، چونكە تا ئێستە پێشمەرگە لەگەڵ چەكی رووسی شارەزاییان پەیدا كردووە.
ئاژگەیی لەبارەی ئیمزاكردنی رێككەوتنی سەربازی لە نێوان هاوپەیمانی باكووری ئەتلەسی (ناتۆ) و هەرێمی كوردستان بە رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" ڕاگەیاندووە، گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە هەیە، بەڵام دەكرێ لە داهاتوودا ئەو رێككەوتنە سەربازییە بێتە ئاراوە.
دلاوەر خالید ئاژگەیی وتیشی، غازی هەرێمی كوردستان ناتوانێت تەواوی پێویستی ئەورووپا بۆ غاز پڕ بكاتەوە، بەڵام دەتوانێ بەشێكی گەورەی پێویستییەكانیان لە داهاتوو دابین بكات، هەناردەی غازی هەرێمی كوردستان بۆ ئەورووپا لە رێگەی خاكی توركیاوە دەبێ و ئەنقەرەش لاری نییە لەو پڕۆژەیەدا، چونكە پڕۆژەكە سوودی بۆ توركیا دەبێ و دەبێتە كارتێكی سیاسیش بەدەست توركیاوە و پێشبینی دەكرێ لە ساڵی 2019ش غازی هەرێمی كوردستان بۆ ئەورووپا هەناردە بكرێت.
لەبارەی پرسی مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی كوردستان ئاژگەیی وتی، كۆمەڵگە و شەقامی ئەورووپا پشتیوانی مافی چارەی خۆنووسینی كورد دەكەن، بەڵام دەوڵەتانی ئەورووپا بەشێوەیەكی راشكاو و ئاشكرا دەری نابڕن و چاوەڕێی بڕیاری گەلی كوردستان دەكەن و ئەوكاتیش مامەڵە لەگەڵ ئەمری واقع دەكەن.
kdpmr
