ئەنجوومەنی خانمان لە ساڵیادی شنگالدا، بە توندی ئیدانەی داعش دەکەین

 ئەنجوومەنی خانمان لە ساڵیادی شنگالدا، بە توندی ئیدانەی داعش دەکەین
ئەمڕۆ لە دووەمین ساڵیادی كارەساتی جینۆسایدکرانی شنگالدا، ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان، لە كاتێكدا كە دیسان بە توندی ئیدانەی كاری تیرۆریستی ڕێكخراوی داعش لە شنگال و ناوچەكانی تر دەكات، دووپاتی دەكەینەوە كە:

ـ ڕووبەرووبوونەوەی عەسكەری و ئەمنی لەگەڵ گرووپە تیرۆریستەكان كاریگەرییەکی بەهێزی هەیە بۆ دوورخستنەوەی مەترسی ڕاستەوخۆ و داگیركاری كە گرووپە توندڕەوەكان بەتایبەتی داعش ئەنجامی دەدەن.
ئەو كاریگەرییە لە ئەزموونی دوو ساڵی ڕابردووی هەرێمی كوردستان زۆر ڕوون بەدیاردەكەوێت، كە هێزەكانی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕ توانیان لەگەلێك ناوچە داعش وەدەربنێن و شارەكان لە مەترسییەكانی ئەو گرووپە تیرۆریستە بپارێزن.

لە هەمان كاتدا، ئاسایش و هێزەكانی ناوخۆ بەهاوكاری جەماوەری كوردستان، توانیویانە خەڵكی سیڤیل لە كردەوە تیرۆریستیەكان بپارێزن، ئەمە گەلێك گرنگەو لە قۆناغی هەنووكەییدا یەكلاییكەرەوەیە.

ـ پێمان وایە بۆ لەناوبردنی ئەو گرووپانەو نەهێشتنی مەترسی سەرهەڵدانەوەیان، نەك تەنها لە كوردستان و عێراق و ناوچەكە، بەڵكو لەسەر ئاستی جیهان بەگشتی، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەوێتە بەردەم ئەرك و بەرپرسیارییەتییەكی گەورە بۆ نەهێشتنی هزری توندڕەوی و تیرۆر كە بەداخەوە لە گەلێك ناوچەی دنیا و وڵاتانی دیمۆكراسی و خاوەن توانای ئەمنی بەهێز سەری هەڵداوە، بەتایبەتی لەلایەن گەنجەكانەوە هەرچەندە ئێستا زۆر نیە، بەڵام ئەگەر بە زوویی بەرنامەی دیاریكراو و دوور مەودا دانەڕێژرێت مەترسیەكان زیاد دەكەن
ـ ئەوەندەی پەیوەندی بەكاری ئێمەوە هەیە وەك ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان لە هەرێمی كوردستان، زیاتر تیشك دەخەینە سەر پێگەی ژنانی كوردستان و ڕۆلیان لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی هزری توندڕەوی و تیرۆردا.

ژن وەك هاووڵاتی، ژن (بە حوكمی پێگەی كۆمەڵگەیی) وەك فاكتەری كاریگەر لە ناو ماڵدا و ڕۆلی پەروەردەیی لەگەڵ منداڵاندا لە پاڵ ڕۆلی دامەزراوە پەروەردەییەكاندا (باخچەی ساوایان، قوتابخانە، هەتا زانكۆش)..

ـ بەپێویستی دەزانین كە هاوكاری و یارمەتیە نێودەوڵەتییەكان هەر لەسەرەتاوە ڕەچاوی پرۆسەی تواناسازی ژنان بكات، بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی تواناكانی لەو بەرەنگاربونەوەیەدا. بەتایبەتی لە كەمپەكانی ئاوارەییدا. كە ژنان و منداڵان بەتایبەتی ڕووبەڕووی توندوتیژی و سەختییەكی زۆر دەبنەوە و، كار دەكاتە سەر ئاستی تواناكانیان، لەهەمان كاتدا دەبنە مایەی پەیدابوونی خولیا و ئارەزووی توندوتیژی لای منداڵان و نەوجەوانان لە ئایندەدا.

هەروەها بوونی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە لە هەرێمی كوردستان لە كەمپەكان و دەرەوەی كەمپەكان بۆتە هۆی دەركەوتنی هەندێك دیاردە كە هەرێمی كوردستان لە ساڵانێكی زووەوە لەسەر ئاستی دامەزراوە فەرمییەكانی وەك پەرلەمان و حكومەت و دامەزراوەی دادوەریی و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، كار بۆ نەهێشتنی دەكەن , وەك فرە ژنی , هاوسەرگیریی منداڵ.. و هتد.

ئەمە كاریگەرییەکی نێگەتیڤی دەبێت لەسەر خودی كۆمەڵگە و جێبەجێكردنی یاساكانی تایبەت بەمافی ژنان و بەرنامە و پلانەكانی دامەزراوە فەرمی و نافەرمییە پەیوەندیدارەكان لەو بوارەدا، بەتایبەتی پلانی نیشتمانی جێبەجێكردنی بریاری 1325 لە هەلومەرجی قەیرانی دارایدا كە زیاتر لەدوو ساڵ و نیوە بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە. هەندێك پێشنیاری گشتی لەم بوارەدا دەخەینەڕوو بەهیوای ئەوەی بەشەراكەت لەگەڵ لایەنی ناوخۆ و نێودەوڵەتی و بەهاوكاری پسپۆران، پلانی واقعی و عەمەلی دابڕێژین و جێبەجێیبكەین لەوانە:

دیاریكردنی ڕێژەیەكی دیاریكراو لە هەر هاوكارییەك هەر لەسەرەتاوە, لەلایەن وڵاتە كۆمەكبەخشەكانەوە بۆ بەرنامەی تواناسازی ژنان و پاراستنی منداڵان و بەتایبەتی ڕزگاركردنی ئەوانەی كە لە ژێر دەستی داعش داماونەتەوە.
ـ پەسندكردنی پرۆژە بڕیاری پێشنیاركراو لەلایەن ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان بۆ ئیدانەكردنی دەستدرێژیە سێكسی و بەكۆیلەكردنی ژنانی ئێزیدی و پێكهاتەكانی دیكە لەلایەن ڕێكخراوی تیرۆرستی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە "داعش".

بەپێویستی دەزانین ئەم پرۆژە بڕیارە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پەسەند بكرێت.

ـ دیاریكردنی ڕۆژی 3 ی ئاب ساڵانە لە هەێمی كوردستان وەك ڕۆژی نیشتیمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوندیژی سێكسی لە كاتی ململانێكاندا.

ـ بەرزكردنەوەی ئاستی هەماهەنگی لە نێوان گشت لایەنەپەیوەندیدارە نێودەوڵەتییە حكومی و ڕێكخراوە مەدەنییەكانی ناوخۆ و بیانی، بۆ زامنكردنی هێنانەدی گەورەترین سوود لە هەر كۆمەكێكی دارایی و مەعنەوی، كە لەو بوارەدا دەبەخشرێت

ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان




هەولێر ـ ٣/٨/٢٠١٦









KDP
Top