حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی ڕاپۆرتێكی HRW ده‌داته‌وه
دیندار زێباری، سه‌رۆكی لێژنه‌ی چاودێری كردن و وه‌ڵام دانه‌وه‌ی ڕاپۆرته نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، له به‌یان نامه‌یه‌كدا ، به بیر ڕێكخراوی چاودێری مافه‌كانی مرۆڤ دێنێته‌وه كه هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان یه‌كێكه له كاریگه‌رترین ئه‌و هێزانه‌ی به‌ره‌نگاری هه‌ڕه‌شه‌كانی چه‌كدارانی داعش بوونه‌ته‌وه، زیاتر له یه‌ك ملیۆن و 800 ئاواره و په‌نابه‌ریان، له ئایین و نه‌ته‌وه‌ی جیاوازه‌كان، له هه‌رێمی كوردستان جێگیر كردووه و ده‌یانپارێزن.
سه‌باره‌ت به ڕاپۆرتێكی ئه‌م دواییه‌ی ڕێكخراوه‌كه كه تیایدا هێزی پێشمه‌رگه و میلیشیا شیعه‌كان به یه‌كه‌وه ناویان هاتووه و داواكراوه به هۆی پێشیلكاری مافه‌كانی مرۆڤ له ئۆپه‌راسیۆنه چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی ئازادكردنه‌وه موسڵ، به‌شدارییان پێ نه‌كرێت، زیباری له‌و ڕوونكرده‌وه‌یه‌دا ده‌ڵێت: "ڕێكخراوی چاودێری مافه‌كانی مرۆڤ، له‌م باره‌وه ئاگاداری ڕوونكردنه‌وه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه، به‌ڵام هێشتان ڕاپۆرته‌كان خێرا و له‌سه‌ر بنه‌مای زانیاری نادروست داده‌ڕێژرێن".
زێباری ئاماژه به گونده‌كانی ده‌وربه‌ری مه‌خموور ده‌كات و ئه‌وه ڕوون ده‌كاته‌وه: "له ڕاپۆرته‌كه‌دا هێزی پێشمه‌رگه به‌وه تاوانبار كراوه هاتوچۆ و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانی ئه‌م ناوچانه‌ی سنووردار كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام لێژنه‌كه سه‌ردانی چه‌ندین كه‌سایه‌تی دیاری ئه‌م گوندانه‌ی كردووه، ده‌ركه‌وتووه كه دانیشتوانه‌كانی كه له كورد و عه‌رب پێكدین و ساڵانێكی زۆر به یه‌كه‌وه له ئاشتیدا ژیاون، به ڕه‌زامه‌ندی خۆیان و دوای تێبینی كردنی مه‌ترسی هێرشی داعش له ناوچه‌كه گوازراونه‌ته‌وه، دوا به‌دوای نه‌مانی مه‌ترسی له‌سه‌ر گونده‌كانیان، ڕێگه‌یان پێدراوه بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان".
له درێژه‌ی وه‌ڵامه‌كه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه كه ناوهێنانی هێزی پێشمه‌رگه به "میلیشیا كورده‌كان" و شوبهاندینان به هێزه‌كانی دیكه‌ی عێراق "كارێكی ڕه‌وا نییه، چونكه هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان پێكهاتووه له چه‌ند نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیاواز و هه‌موویان له ژێر سایه‌ی دامه‌زراوه‌یه‌كی فه‌رمی كه وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌یه كار ده‌كه‌ن، ئه‌مه له كاتێكدایه كه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌رده‌وام ستایشی ڕۆڵی پێشه‌نگی پێشمه‌رگه له شه‌ڕی چه‌كدارانی داعش ده‌كات".
باس‌نیوز
