سیاسەتمەدارێکی ئێزدی: بارزانی نەبووایە شنگال نەدەگەڕایەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە 3\8\2016، نایف ڕەشۆ، سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەنووس، ڕایگەیاند، لە سەدەی 21دا کارەساتی شنگال زۆر دڵتەزێن بوو، کارەساتێک بوو هەموو پرەنسیپە مرۆڤایەتییەکانی تێپەڕاندبوو، جینۆسادی منداڵ و کچان کراوە کە دوای 100 ساڵ ئەمە دووبارە بووەتەوە، بازرگانی بە کچ و ژنانەوە کراوە. گوتیشی: “لە یەکەم ڕۆژی کارەساتی شنگال، ڤیان دەخیل، پەرلەمانتاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەنگی خۆی گەیاندە باراک ئۆبامای سەرۆکی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی ئەورووپا کە دواتر پشتیوانی دروست بوو لە ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بەڵام ئێستا دەمانەوێت لە پەرلەمانی عێراقدا ئەو کەیسە بە جینۆساید بناسێنرێت".
ئەو سیاسەتمەدارە لە لێدوانەکەیدا ڕوونی کردەوە: “تا ڕادەیەکی باش، پەیامی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە جێ لەبارەی تۆڵەکردنەوە لە داعش و بەجینۆساید ناساندنی ئەو کەیسە و بەدادگا گەیاندنی کەمتەرخەمان، لە کاتێکدا بەرپرسیاریەتیی یەکەم لەو ڕووداوە لەسەر حکوومەتی عێراقە”. دووپاتیشی کردەوە: “ئەگەر بارزانی نەبووایە، شنگال نەدەگەڕایەوە، مانەوەی خەڵکمان لە چیای شنگال وای کرد کە بارزانی بارەگای خۆی بباتە سحێلا لە شنگال و لەوێ بمێنێتەوە، بە قۆناغ کاری بۆ شنگال کرد تا لە قۆناغی هەشتەمدا خۆی چووە سەر چیای شنگال، دواتر قۆناغی گرنگ ڕووی دا کە ئەویش ئازادکردنەوەی شنگالە کە بارزانی خۆی چووە شنگال و موژدەی سەرکەوتنی ڕاگەیاند".
باسنیوز
