شێخ ئەدھەم بارزانی: یەک رێگاچارە بۆ کێشەکانی کوردستان هەیە

 شێخ ئەدھەم بارزانی: یەک رێگاچارە بۆ کێشەکانی کوردستان هەیە
سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات، کە تەنیا یەک رێگاچارە بۆ کێشەکانی کوردستانی باشوور هەیە.

رۆژی چوارشەممە 3ـی ئابی 2016، شێخ ئەدھەم بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە پارێزگای سلێمانی لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، جگە لە ”بە ئاشتییانە و برایانە“ ژیانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، ”چارەیەکی تر نییە“.

شیخ ئەدهەم بارزانی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، کە لە سەردانێکیدا بۆ پارێزگای هەڵەبجە رێکی خست، هیوای خواست لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان پێکەوە بتوانن بگەنە ڕێککەوتنێک لەسەر بارودۆخی کوردستان و ئەو قەیرانانەی ، کە ئێستا لە کوردستاندا ھەن، ”تا بتوانن خزمەتێکی زیاتری جەماوەری کوردستان بکەن".

سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە پارێزگای سلێمانی دڵنیاییشی دا لەوەی، دانیشتنەکانی فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتیی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرکردایەتیی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەردەوام دەبن.






باسنيوز
Top