نەوشیروان مستەفا لێپرسینەوە لەگەڵ گەورە بەرپرسێکی گۆڕان دەکات
بەشێکی بەرچاو لە لایەنگرانی بزووتنەوەی گۆڕان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، یەک وتاریان داناوە کە لەوە دەچێت گشتاندنی بۆ کرابێت و تێیدا هاتووە: “سەردار قادر، بە تۆمەتی ئەنجامدانی گەندەڵی بۆ کۆمپاکانی خۆی و کۆمپانیای (پلان)ی تەحسین قادری برای و بەکارهێنانی پۆستەکەی کە ئێستا جێگری پارێزگاری سلێمانییە، بە فەرمانی نەوشیروان مستەفا، لە لایەن ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕانەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت”.
جەختیش لەوە کراوەتەوە کە گەنجانی گۆڕانخواز لە هەڵبژاردنەکاندا شەڕ بۆ دەنگێک دەکەن، کەچی بەرپرسەکانیان دەچنە سەر حوکم و “گەندەڵی دەکەن”. ئەوەش خراوەتە ڕوو: “ئەو دەیەوێت ببێت بە پارێزگاری سلێمانی، ئایا دەبێت گۆڕان کەسانی گەندەڵی وا بکاتە کار بەدەست؟”. هەڕەشەی ئەوەش کراوە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەڵگەی گەندەڵییەکان لە دژی بڵاو دەکەنەوە.
سەردار قادر، ئێستا لە سەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕان، جێگری پارێزگاری سلێمانییە و لەم چەند ڕۆژەشدا دەنگۆی ئەوە هەیە کە لە ئاڵوگۆڕکردنی پۆستەکاندا لە نێوان یەکێتی و گۆڕان، پۆستی پارێزگاری سلێمانی پێ بدرێت.
باسنیوز
