سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق دەكات
لە دیدارەكەدا سەرەتا نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق ڕیكاردۆ ڕۆدڕیگزی بەرپرسی تازەی نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەرێی كوردستان بە سەرۆك بارزانی ناساند و دواتریش لە وتەیەكدا سەرۆك بارزانیی لە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی ئاساییش لە نیویۆرك و كۆنفڕانسی هاوپەیمانان لە واشینگتۆن ئاگادار كردەوە و ئەوەیشی خستەڕوو كە كەشوهەوای كۆبوونەوەكان ئیجابی بووە و ئومێدێكی زۆر بۆ تێكشكاندنی داعش لە ئارادایە و ئاماژەیشی بە نیگەرانییەكانی هاوپەیمانان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد لەمەڕ قۆناغی دوای داعش و باری مرۆیی ئاوارەكان و جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە قسە لەسەر هەموو وردەكاریی و ڕەهەندە سەربازی و سیاسی و مرۆییەكانی ئازادكردنی موسڵ و قۆناغی دوای ئازادكردن و پەیوەندیی و هەماهەنگیی نێوان لایەنەكان بكرێت. لە بەشێكی تری وتەكەیدا نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق باسی لە پلانی مرۆیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان كرد و ئامادەیی ڕێكخراوەكەیشی نیشاندا بۆ یارمەتیدانی لایەنەكان بۆ گەییشتن بە چارەسەری كێشەكان.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر ئازادكردنی موسڵ و ئەوەی بە شاندی میوان ڕاگەیاند كە قۆناغی دوای ڕزگاركردنی موسڵ گرنگ و هەستیارە و ئەوەی بەلای هەرێمی كوردستانەوە گرنگە چارەنووسی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان بەتایبەت ئێزیدی و مەسیحییەكانی پارێزگای نەینەوایە و پێویست دەكات ئاییندەی موسڵ بە هەموو وردەكارییەكانیەوە لەڕووی سیاسی و ئیداری و سەربازییەوە ڕوون بكرێتەوە. هەروەها ئەوەیشی خستەڕوو كە پێویستە دانیشتوانی پارێزگای نەینەوا بەشداری پڕۆسە سەربازی و سیاسی و ئیدارییەكان بن و ڕێزی بڕیاری خەڵكی ناوچەكە و پێكهاتەكان بگیرێت و حەز و بڕیاری ئەوان لەبارەی ئاییندەیان جێبەجێ بكرێت.
پەیوەست بە یارمەتیدانی ئاوارەكان و هاتنی ئاوارەی زیاتر بۆ هەرێمی كوردستان سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند كە دەرگەی كوردستان بەڕووی خەڵكی لێقەوماو كراوەیە و وێڕای ئاماژەدان بە خەمساردیی حكوومەتی عێراقی لەمەڕ یارمەتیدانی ئاوارەكان هێمایشی بەوەدا كە دەربڕینی هاوسۆزی و بەڵێن لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتەنیا یارمەتیی ژیانی ئاوارەكان نادات و پێویستە هەنگاوی عەمەلی بۆ یارمەتیدانیان بنرێت.
