لە مەزاری شەرفەدین یادی کارەساتی شنگال دەكرێتەوە

لە مەزاری شەرفەدین یادی کارەساتی شنگال دەكرێتەوە
قاسم شەشۆ رایدەگەیێنێت، داعش 17 جار هەوڵیداوە خۆی بگەیێنێتەوە نێو مەزاری شەرفەدین لە شنگال، بەڵام هێرشەكانیان تێكشكاندوون.

لە ساڵیادی كارەساتی شنگالدا، ئەمڕۆ چوارشەممە 3-8-2016 لە مەزاری شەرفەدین رێوڕەسمێکی گەورە بۆ یادی شنگال ساز دەکرێت.

قاسم شەشۆ، فەرماندەی کوردی ئێزدی پێشمەرگە بە رووداوی راگەیاند، هۆکاری یادکردنەوەی کارەساتی شنگال لەو شوێنە بۆ سیمبوڵی بەرگریی کوردانی ئێزدییە لە مەزارەكەدا.

شەشۆ راشیگەیاند، داعش 17 جار هەوڵیدا بێتە نێو مەزارەکە، بەڵام ئەو کات رێگەیاننەدا و هەموو هێرشەکانی داعشیان تێکشکاند.

قاسم شەشۆ ئاماژە بەوەشدەكات، کەمی چەک وایکرد داعش لە 3ی ئابی 2014 شنگال بگرێت، بەڵام ئێستا داعش توانای ئەوەی نەماوە توخنی شارەكە بکەوێت.

رۆژی سێشەممە 2-8-2016 حوسێن کورۆ، بەڕێوەبەری نووسینگەی رزگارکردنی كوردانی ئێزدی ئاشكرایكرد، تاوەكو ئێستا دوو هەزار و 640 کەس لەژێر دەستی داعش رزگارکراون، لەو ژمارەیەش 953ـیان ژن و کچن، 32ی دیکەیان پیاون، 684 منداڵن لە رەگەزی نێر و 757 منداڵ لە رەگەزی مێ.

حوسێن کورۆ راشیگەیاند، بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستیاندایە تاوەكو ئێستا سێ‌ هەزار و 764 كوردی ئێزدی لەژێر دەستی داعشدا ماون، لەو ژمارەیەش هەزار و 914ـیان لە رەگەزی مێن، هەزار و 850 کەسی دیکە لە رەگەزی نێرن.




rudaw
Top