فایەق گوڵپی: پێویستە نەوشیروان مستەفا باسی ڕابردووە توندوتیژەکانی خۆیشی بکات
(باس) ئێستا ھەرێمی کوردستان بە دۆخێکی ناھەمواردا تێدەپەڕێت، بە بۆچوونی تۆ خەڵک لە کام لایەنی سیاسی ناڕازییە؟
د. فایەق گوڵپی: بەشێوەیەکی گشتی خەڵکی لە ھیچ لایەنێکی سیاسی ڕازی نییە، بەڵام حزبچێتی کاریگەریی زۆری کردووەتە سەر ھەڵوێست و تێڕوانینی خەڵک، ئەگەر خەڵکی بۆ خۆی ژیانی باش نەبێت، یاخود بەرژەوەندیی میللەتی کورد لە ئاستێکی خراپدا بێت، خودی تاک و کۆمەڵگە بەردەوام خەیاڵی بۆ لای حزب دەچێت! بەو مانایەی تاکەکانی ئەم کۆمەڵگەیە خۆیان سەرقاڵ کردووە بە ململانێی حزبایەتی و حزبچێتی! حەز دەکەم لەکاتی ئەم چاوپێکەوتنەدا ئەوە بۆ خوێنەرانی بەڕێز باس بکەم، لەم چەند ڕۆژەی دواییدا چەند جارێک باسی ئەوەم کردووە بەندە بۆ ڕۆژنامەی (باس) چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانی دەکەم، بەڵام پێیان گوتم ئەو ڕۆژنامەیە نزیکە لە پارتی و خودی ئاژانسی پاراستن! منیش پێم گوتن باشە با ئەو ڕۆژنامەیە ڕۆژنامەی پاراستن بێت، بەڵام بۆچی دەبێت پاراستن پشتگوێ بخرێت؟ بۆ قسەی خۆمانی تێدا نەکەین؟
خۆ پاراستن دەزگایەکە بۆ پاراستنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان دامەزراوە، بەڵام ئەوان گوتیان نا پاراستن دەزگایەکە بۆ پاراستنی حزب دامەزراوە. بۆیە لەبەرئەوەی ئێمە پێش ئەوەی باسی لایەنە خراپەکانی ئەم کۆمەڵگایەی خۆمان بکەین لە چوارچێوەی ئەم دۆخە چەقبەستووەی ئێستا ڕووبەڕووی سیاسەتی کوردستان بووەتەوە، پێویستە باسی ئەو ئەقڵیەتە سیاسییە ھەڵەیە بکەین کە ئاڕاستەمان دەکات، بۆ ئەوەی بڕیاری خراپ بدەین. بۆیە بەلای منەوە ئەوەی گرنگە ئەوەیە خەڵکی واز لە حزبچێتی بھێنن، بەو مانایەی ئێستا لایەنێکی سیاسی ھەیە دژایەتی نەکرێت بەوەی لایەنێکی دیکەی سیاسی ھەیە، پێویستە ئێمە کارێک بکەین ھەر حزبێک تا چەند لە بەرژەوەندیی میللەتی کورد کار دەکات، بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
ڕاستە ئەمڕۆ کێشەمان زۆرە، بەڵام بۆچی گەیشتووین بەم کێشانە؟ کۆمەڵێک ھۆکار ھەیە، یەکێک لەو ھۆکارانە ململانێی ناڕەوای حزبەکانە، بەو مانایەی ئەو حزب ھەوڵی ئەوە دەدات حزبەکەی دیکە بشکێنێت، حزبێکی دیکە دەیەوێت دەسەڵاتی حزبێکی دیاریکراو لە ناوچەیەک کەم بکاتەوە. ئێستا پارتی ھەوڵی ئەوە دەدات لە پارێزگای سلێمانی و کەرکووک دەسەڵاتی خۆی بسەلمێنێت، بەڵام پارتی لە سلێمانی، لەچاو پارێزگای ھەولێر و دھۆک دەسەڵاتێکی لاوازی ھەیە. لەبەرامبەردا یەکێتی و گۆڕان دەیانەوێت ڕێگری لەوە بکەن پارتی لە سلێمانی گەشە بکات، ھەروەھا لە دەڤەری شەنگال و بادینان پارتی مەترسیی ئەوەی ھەیە پەکەکە لە پارێزگای دھۆک و شەنگال بۆ ئاییندە ھێزێکی کاریگەر بێت، بۆیە پارتی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی پەکەکە دەکات. بۆیە ئێمە کار بۆ کورد ناکەین! بەڵکو کار بۆ حزبەکانی دەسەڵات دەکەین، بۆیە کێشەکانمان زیاتر گەشە دەکەن.
(باس) لایەنە سیاسییەکان ھۆکاری ئەوەن ئەقڵیەتی حزب بەسەر کۆمەڵگادا زاڵ بێت، یان تاک بەشێکە لە سیاسەتی حزبەکان؟
د.فایەق گوڵپی: حزبەکان بەرپرسیارن، چونکە حزبەکان کەوتوونەتە ھەڵەیەکی گەورە، بەو مانایەی حزبەکان کەوتوونەتە ھەڵەیەکی لەو شێوەیەی ئەگەر حزب نەمێنێت، ئیدی دەستکەوتەکانی میللەتی کورد لاواز دەبن. بزووتنەوەی گۆڕان، وا بیر دەکاتەوە ئەگەر پێگەی لاواز بێت ئیتر بەرەو توانەوە دەچێت، یەکێتی و پارتی بە ھەمان شێوە، یەکێتی دەڵێت مانەوەمان و سەروەریمان و گەشەکردنمان بەندە بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، ئەمە بۆ خۆی ھەڵەیە.
ساڵانی ڕابردوو کاک مەسعود بارزانی، لە دھۆک لە وتارێکیدا گوتی: "پارتی و میللەتی کورد وەزعیان زۆر خراپە". لێرەدا جەنابی کاک مەسعود پارتی دەخاتە پێش میللەتی کورد، ڕاستە لە بنەڕەتدا حزب ئامرازێکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی میللەت، ھەروەھا پێویستە سیاسەتی حزب لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی میللەتدا بێـت، بەڵام لێرە بەرژەوەندیی خەڵک خراوەتە دوای بەرژەوەندیی حزبەوە! ماوەی ٢٨ ساڵە پارتی و یەکێتی دەسەڵاتی کوردستان بەڕێوە دەبەن، بەڵام تا ئێستا ئێمە خاوەنی دەستووری خۆمان نین! تا ئێستا ئێمە نازانین دەسەڵاتەکانی سەرۆکی حزب، یان دەسەڵاتی جێگری سەرۆکی حزب چەندە! بەڵام ئەگەر دەستوورێکی خۆمان ھەبوایە ھەموو ئەو دەسەڵاتانە دیاری دەکران.
(باس) کێ بەرپرسیارە لە تەواوی قەیرانەکانی ئێستای ھەرێمی کوردستان؟
د.فایەق گوڵپی: تەنیا لایەنێکی سیاسیی دیاریکراو لەم دۆخە چەقبەستووەی ئێستا بەرپرسیار نییە، بەڵکو تەواوی حزبەکان بەرپرسیاری ئەم دۆخە ناھەموارن، بەڵام ھەر حزبە و بەگوێرەی قورسایی خۆی، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی پشکی شێریان بەردەکەوێت، چونکە پارتی و یەکێتـی لە ساڵی ٢٠٠٧ ڕێککەوتنی ستراتیژییان ھەبووە و پۆستە ھەستیارەکان لای پارتی دیموکراتی کوردستان بوونە، بۆیە پارتی زیاتر بەرپرسیارە، ھەروەھا ئەم دۆخە چەقبەستووەی ئێستا بەبێ جیاوازی، پارتی و یەکێتی و گۆڕان و حزبە ئیسلامییەکان لێی بەرپرسیارن.
(باس) ئایا بزووتنەوەی گۆڕان دەتوانێت خۆی لەم قەیرانانە بەدوور بگرێت؟ یان تەواوی کێشەکان بخاتە ئەستۆی پارتی دیموکراتی کوردستان؟
د. فایەق گوڵپی: نەخێر، گۆڕان ناتوانێت خۆی بەدوور بگرێت لە دروستبوونی ئەم کێشانەی ئێستا، چونکە گۆڕان بە چەندین شێوە بەرپرسیارە لە سەرھەڵدانی قەیرانەکانی کوردستان، بۆ نموونە: پارتی ھەڵە دەکات، بەڵام گۆڕانیش بەرامبەر پارتی ھەڵە دەکات. ئێستا د. یوسف محەمەد بەرامبەر پارتی نەرمیی نواندووە و دەنگۆی ئەوە ھەیە پۆستەکەی ناوبراو بدرێت بە یەکێتیی نیشتمانی. دەبوو گۆڕان چەند مانگێک پێش ئێستا ئەو نەرمییەی بنواندایە، بۆ ئەوەی خەڵکی ھێندە بە دەردی ململانێی نێوان پارتی و گۆڕان گیرۆدە نەبوونایە.
(باس) ھەڵە زەقەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی لەنێو حکوومەتدا پێگەیەکی بەھێزی ھەبوو، چی بوون؟
د.فایەق گوڵپی: یەکێک لە ھەڵە زەقەکانی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەیە، لە ھەڵبژاردنەکەی پێشوودا خودی نەوشیروان مستەفا، سەرۆکی لیستی گۆڕان بوو، بەڵام ڕێکخەری گشتیی گۆڕان ئامادە نەبوو بچێتە پەڕلەمانی کوردستان! خۆ ئەگەر ئامادەی چوونە پەڕلەمانی ھەبوایە، ھەم بۆ بزووتنەوەکەی باش بوو ھەم بۆ پەڕلەمانی کوردستان. ھەڵەیەکی دیکەی گۆڕان ئەوەیە کاتێک گۆڕان خۆی لەناو حکوومەتدا پێگەیەکی بەھێزی ھەبوو پۆستەکان لە وەزیرەوە تاوەکو بەڕێوبەری ناحیە خۆی دەبینییەوە، بەڵام لە کاتی خۆپیشاندان و بایکۆتی دامودەزگا حکوومییەکاندا خۆیان بەشێکی گرنگی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی بوون! ئەم دووفاقییە چییە؟ قاچێکت لەنێو حکوومەتدا بێت و قاچەکەی دیکەت لەنێو خەڵکدا بێت!! ئەمە ھەڵەیەکی گەورەی گۆڕان بوو، دواجار ئەو ھەڵەیە بەشێوەیەکی زەق بەسەر بزووتنەوەی گۆڕاندا شکایەوە، چونکە خۆپیشاندانێکی توندوتیژی لە دەڤەری کەلار و قەڵادزێ بەدوای خۆیدا ھێنا، ھەروەھا ڕێگە نەدرا سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان بچێتەوە ھەولێر، وەزیرەکانیشیان دەرکران. بێ گومان لەو کاتەدا گۆڕان سێ ھەلی زێڕینی لەبەردەستدا بوو، یەکەم لەگەڵ پارتی ڕێککەوتنی بکردایە و تەنازولی بۆ پارتی بکردایە، بەڵام باشترین ڕێگا کە ھەڵە نەبوو ئەوە بوو گۆڕان ھاوشێوەی جاران ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی ڕابگەیەندایە و بھاتایەتەوە نێو بەرەی گەل، بەڵام ئەوەشی نەکرد، بۆیە ھەڵەکانی زیاتر ھەڵکشانیان بەخۆیەوە بینی و لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی ڕێککەوتنی سیاسی واژۆ کرد!
گۆڕان نازانێت پڕۆسەی گۆڕانکاری قوربانی دەوێت، گۆڕان دەیەوێت ماسی بگرێت و قاچیان تەڕ نەبێت! ئەگەر بتەوێت لە پڕۆسەی گۆڕانکاریدا کۆڵ نەدەی، پێویستە لە حکوومەت دەرت بکەن، سکاڵای یاساییت لەسەر تۆمار بکەن و تەنانەت زیندانیت بکەن، بەڵام گۆڕان ھەر زوو کۆڵی دا، بۆ ماوەی چوار ساڵ بە ئۆپۆزسیۆنی مانەوە و دواتر کۆڵیان دا، ئێستاش بزووتنەوەی گۆڕان باوەڕی بە ئۆپۆزسیۆن نەماوە، ئەمەش ھەڵەیەکی جەوھەریی بزووتنەوەی گۆڕانە.
(باس) گۆڕان ململانێی سیاسی لەگەڵ پارتی دەکات، ئەم ململانێیە تا چەند زیان بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەگەیەنێت؟
د.فایەق گوڵپی: ململانێی گۆڕان و پارتی ململانێیەکی زۆر ناڕەوایە، بە ڕاستی ھەق نییە گۆڕان ململانێ لەگەڵ پارتیدا بکات، چونکە ئەگەر ئێمە ھەر خۆمان بە حزبایەتییەوە سەرقاڵ بکەین، میللەتەکەمان زەرەر دەکات، دەستکەوتە نەتەوەییەکانمان دەکەونە ژێر مەترسییەوە، یەکێک لەو شتانەی پێی شەرمەزار دەبم لە کەرکووک دوو ئاسایشی جیاواز ھەیە، بەڕِاستی خراپە بۆ پارتی و یەکێتی نەتوانن لە کەرکووکی ژێردەستەی حکوومەتی بەعسی فاشی سیاسەتێکی ھاوبەشی نەتەوەیی پەیڕەو بکەن، گۆڕان زانیی ململانێ لەگەڵ پارتی سوودی نابێت، بۆیە ئێستا ڕێککەوتنی سیاسیی لەگەڵ یەکێتی واژۆ کردووە، بەڵام ئێستاش گۆڕان لەگەڵ یەکێتی ناتوانێت ململانێی پارتی بکات، بەڵام ئەگەری ھەیە بۆ ھەڵبژاردنەکانی ئاییندە بتوانن سەرکەوتنێک بەسەر پارتی بەدەست بھێنن.
(باس) خەڵکێکی زۆر لە بزووتنەوەی گۆڕان زویر بووە، بە دیدی تۆ ھۆکارەکەی بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
د. فایەق گوڵپی: تەنیا ئەو خەڵکانە لە گۆڕان زویر بوون کە ئومێدێکی زۆریان بە بزووتنەوەی گۆڕان ھەبوو، بزووتنەوەی گۆڕان تا ئێستا سێ بەرەی گۆڕیوە، یەکەم جار لە بەرەی گەلدا بوو، داوای ماف و ئازادیی بۆ خەڵکی دەکرد، دواتر کشایەوە و ھاوپەیمانیی لەگەڵ پارتی و یەکێتی ئەنجام دا، بۆیە ئەوانەی لەناو گۆڕان کار دەکەن بەوە نیگەران نابن، بەڵکو دەنگە ڕاستەقینەکەی شەقام بەوە نیگەران دەبێت کە بزووتنەوەی گۆڕانی کردووە بە بزووتنەوەیەکی جەماوەری، بۆیە ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان پێگە جەماوەرییە بەھێزەکەی جارانی نەماوە.
(باس) ئایا خەڵکی متمانەی بە گۆڕان ماوە؟ باشە ئێستا ئەگەر خۆپیشاندان بکرێت، دەنگە ناڕازییەکانی شەقام ھانا بۆ کێ دەبەن؟
د.فایەق گوڵپی: نەخێر خەڵکی متمانەی بە گۆڕان نەماوە، گۆڕان گەورەترین زەڕبەی لە دەنگی ناڕازی شەقام داوە، بەڵام گۆڕان لەلایەن شەقامەوە باجەکەی دەدات.
(باس): خەڵکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەڵێن: بزووتنەوەی گۆڕان کامێرای شاراوە بووە، ئایا تۆش ھەمان بۆچوونت ھەیە؟
د.فایەق گوڵپی: لەوانەیە گۆڕان کامێرای شاراوە بووبێت، ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان کامێرای شاراوە بێت، دەبێ نەوشیروان مستەفا بە سزای خۆی بگات، بەڵام ئێستا ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان قەناعەتی بە خەڵکی کردووە، بەو مانایەی ئەگەر بزووتنەوەکەی کامێرای شاراوە بێت، خەڵکی ھیچی پێ نەڵێت.
(باس): بزووتنەوەی گۆڕان، لە پەڕلەمانی کوردستان یاسای بودجەی حزبەکانی پەسەند کرد، تا چەند ئەم یاسایە یاسایەکی گرنگ بوو؟
د. فایەق گوڵپی: بزووتنەوەی گۆڕان سیستەمی حکومڕانیی کرد بە سیسەتمێکی حزبایەتی تەسک، ھەروەھا یاسای بودجەی حزبەکان یاسایەکی خراپ و ھەڵە بوو، چونکە لە وڵاتی ئێمەدا ئیستقراری سیاسی بوونی نییە، بەڵام گۆڕان پێوەری ئەندام پەڕلەمانی بۆ بودجەی حزبەکان جێبەجێ کرد، بەو پێیەی بودجەیەکی کەم بدرێت بەو حزبەی خاوەنی یەک کورسییە، بەڵام حزبی وا ھەیە لە کاتی شەڕی داعش قوربانییەکی زۆری داوە، باشە حزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان لە شەڕی نەگریسی داعش ڕۆڵی ھەبووە و قوربانیی زۆری داوە یاخود بزووتنەوەی گۆڕان؟ بێ گومان حزبی سۆسیالیست، چونکە بەڕێز محەمەدی حاجی مەحموود بەردەوام شەڕی داعشی کردووە، ھەروەھا کوڕێکی لەو شەڕەدا شەھید بووە، بەڵام حزبەکەی یەک ئەندامی پەڕلەمانی ھەیە، بزووتنەوەی گۆڕانیش ٢٤ ئەندام پەڕلەمانی ھەیە و ٢٤ ھێندە بودجەی زیاتر لە حزبی سۆسیالست وەردەگرێت. ئەمە ویژدانە حزبێکی تێکۆشەر بودجەیەکی کەم وەربگرێت و گۆڕان بودجەیەکی زەبەلاح؟! گۆڕان بۆ سەرکوتکردنی حزبەکانی دیکە ئەو یاسایەی دەرکرد بۆ ئەوەی حزبی دیکە لە ئاییندەدا دروست نەبێت، بۆیە بزووتنەوەی گۆڕان کە تۆزێک دەسەڵاتی ھەبوو ھیچ شتێکی باشی پێ نەبوو. ھەروەھا ئێمە شاھێدین و دەزانین ئەو پێکھاتەیەی ئێستا بووە بە گۆڕان پێشتر لەناو یەکێتی توندڕەوترین کەسی ناو یەکێتی بوون، ھەر ئەوانە بوون دژی ڕاوبۆچوونی ئازاد بوون!
ئەگەر ئێستا لێکۆڵینەوەیەک بکرێت لەسەر سیاسەتی سەرکوتکردنی ھێزە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان، بەشی یەکێتی ھەیە، بەشی پارتی ھەیە و لەناو پارتی فڵان بەرپرس کارێکی ھەڵەی کردووە، لە یەکێتی فڵان بەرپرس کارێکی نەشیاوی کردووە، بۆ نموونە: مەلا بەختیار، ئێستا دەسەڵاتێکی ڕەھای لەناو یەکێـتی ھەیە، بزانە لەماوەی ڕابردوودا بە بڕیاری مەلا بەختیار چەند بارەگای حزبی داخراوە؟ چەند شەڕی براکوژی کراوە؟ چەند کەس تیرۆر کراوە؟ ھەروەھا عەدنان موفتی لە ھەولێرە بە ھەمان شێوە، کۆسرەت ڕەسووڵ بە ھەمان شێوە. بەڵام ئەوانەی پێشتر لەناو یەکێتیدا بوون ئێستا سەرپەرشتیی بزووتنەوەی گۆڕان دەکەن، ڕۆڵی کارایان ھەبووە لە بڕیارە نادیموکراتییەکان و لە بڕیاری شەڕی براکوژی.
(باس) بۆچی مەلا بەختیار بە نموونە دەھێنیتەوە، لەکاتێکدا نەوشیروان مستەفا کەسی دووەمی ناو یەکێتی بووە؟
د.فایەق گوڵپی: یەکێتی بەشداریی شەڕی ناوخۆی کردووە، ھەروەھا پارتی بەشداریی شەڕی ناوخۆی کردووە، خۆ ئەگەر نەوشیروان مستەفا بەشداریی شەڕی ناوخۆی کردبێت، بێ گومان ئیشەکەی ئەوە بووە، بەڵام ئایا یەکێتی لەسەر ئەو کوشتنانەی شەڕی ناوخۆ لێپرسینەوەی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا کردووە؟ ئایا یەکێتی ھاتووە بەھۆی شەڕی پشتئاشان لێپرسینەوە لەگەڵ نەوشیروان مستەفادا بکات؟ لەکاتێکدا خودی ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان سەرپەرشتیی ئەو شەڕەی پشتئاشانی کردووە! بێ گومان نەخێر لێپرسینەوەی نەکردووە! ئەگەر لێپرسینەوە بکرایە بێ گومان ئەو تاوانە دەکەوتە ئەستۆی نەوشیروان مستەفا، ھەروەھا کاک نەوشیروان بەھۆی یەکێتی ئەو کارانەی کردووە، بەڵام ئێستا ھاتووە دەڵێت من گۆڕانکاری دەکەم. پێویستە کاتێک باسی گۆڕانکاری دەکات، باسی ڕابردووە توندوتیژەکانی خۆیشی بکات.
