بەبێ مەرسومی سەرۆکی هەرێم ئاڵوگۆڕی پارێزگاری سلێمانی ناکرێ کە ١٧ رۆژی ماوە

بەبێ مەرسومی سەرۆکی هەرێم ئاڵوگۆڕی پارێزگاری سلێمانی ناکرێ کە ١٧ رۆژی ماوە
بەپێی رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان لەسەر پارێزگای سلێمانی و ماوەی قانوونی، دەبێت تاوەکو ٢٠ی ئاب ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری سلێمانی لەنێوان یەکێتی و گۆڕان ئەنجام بدرێت، ئاڵوگۆڕەکەش پێویستی بە مەڕسوومی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەیە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە (باس)ی راگەیاند، بزووتنەوەی گۆڕان لە وەرگرتن و وەرنەگرتنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی، دووچاری ئیحراجی بووە.

سەرچاوەکە ھۆکاری ئیحراجییەکەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کەوا ئەگەر گۆڕان پۆستەکە وەربگرێت، دەبێت مەرسوومی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ ئاڵوگۆڕکردنەکە و دەستبەکاربوونی پارێزگاری تازە دەربکرێت، ئەگەر گۆڕان بەوە ڕازی بێت ئەوە مانای دانپێدانانە کە مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە.

لە سەرێکی ترەوە، وەرنەگرتنی ئەو پۆستە وا دەکات بزووتنەوەی گۆڕان لەبەردەم جەماوەرەکەیدا دووچاری ئیحراجی بێتەوە، کە وا چۆن پارێزگاری سلێمانی وەرناگرێتەوە.

سەرچاوەکە دووپاتی کردەوە، بزوتنەوەی گۆڕان دەیەوێت تاوەکو کاتی نزیکبوونەوەی ئاڵوگۆڕی پۆستەکە، دەرچەیەکی یاسایی بدۆزێتەوە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکی ھەرێم، ئەگەریش ئەوە نەکرا، ئەوا ئاڵوگۆڕەکە دوابخات.

ھەڤاڵ ئەبوبەکر، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کە کاندیدیی گۆڕان بوو بۆ پۆستی پارێزگار و زۆرترین دەنگی ھێنا، بە (باس)ی راگەیاند، بەپێی لایەنە قانوونییەکە دەبێت لە ١٩ی ٨ واتە ئەم مانگە، پارێزگاری ئێستای سلێمانی دەست لەکارکێشانەوە پێشکەش بکات و ٢٠ی ٨ پارێزگاری تازە دەستبەکار بێت، گوتی: "دەبێت بارودۆخی ھەرێمی کوردستان لە سەرۆکایەتیی ھەرێم و پەرلەمان و قەیرانەکانی تری سیاسی و دارایی چارەسەر بکرێت، پاشان دەست بۆ گۆڕانکاری لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی ببرێت".

دوای ململانێیەکی زۆر لەنێوانیان، دواجار لە ئابی ٢٠١٤ گۆڕان و یەکێتی رێککەوتنیان لەسەر پۆستی پارێزگاری سلێمانی کرد، کە دوو ساڵی یەکەم لای یەکێتی بێت و دوو ساڵی دواتر لای گۆڕان بێت.

ھەڤاڵ ئەبوبەکر ئەوەی خستە ڕوو، ئەوان لەگەڵ یەکێتی رێککەوتنیان ھەیە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی پۆستی پارێزگار، گوتیشی: "ھەرکاتێک کێشەی سەرۆکایەتیی ھەرێم لە ڕووی قانوونی چارەسەر بکرێت، ئەوا ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری سلێمانیش ئەنجام دەدرێت و کێشەی نامێنێت".

پێشووتر غازی دزەیی، بەڕێوەبەری گشتیی ھاوئاھەنگی و بەدواداچوون لە دیوانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بە(باس)ی راگەیاندبوو، بەبێ (فەرمانی ھەرێمی)ی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پۆستی پارێزگاری سلێمانی ئاڵوگۆڕی تێدا ناکرێت و پارێزگاری نوێ داناندرێت.

ھەڤاڵ ئەبوبەکر لەمبارەیەوە دەڵێت: "دانوستانەکان لەنێوان لایەنەکان بەڕێوە دەچن، منیش لە دەرەوەی وڵاتم و لە کۆتایی ھەفتەدا دێمەوە، ئەوکات قسەی خۆمان دەکەین".
بۆ ئاڵوگۆڕی پارێزگاری سلێمانی، لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆ نووسراوێک دەدرێتە ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنیش ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی دەکات، پاش ئەوە فەرمان لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان دەردەکرێت.

دانای شەھید جەزای عەلی کاتب، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی پارتی بە(باس)ی ڕاگەیاند، پارتی پێوەندیی بە رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی پارێزگاری سلێمانییەوە نیییە، ئەوە پێوەندیی بە رێککەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتییەوە ھەیە، گوتی: "ئەگەر گۆڕان پۆستی پارێزگاری سلێمانی وەرنەگرێت ئەوا پێوەندی بە خۆیانەوە ھەیە و چۆن وەڵامی جەماوەرەکەی خۆیان دەدەنەوە؟".

ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕوونی کردەوە، بەپێی رێککەوتنی پێشووی گۆڕان و یەکێتی بێت، دەبێت تاوەکو ٢٠ی ٨ ئاڵوگۆڕی خۆیان بکەن، بەڵام بە دووری دەزانێت ئەو ئاڵوگۆڕە بکرێت: "کێشە مەڕسوومی سەرۆکی ھەرێم نییە، چونکە بە قانوون رێگا دراوە سەرۆکی ھەرێم بەردەوام بێت لەسەر کارەکانی خۆی و دەسەڵاتەکانی بەکار بھێنێت".

دانا شەھید جەزا پێی وایە، گۆڕان ڕازی بووە پۆستی پارێزگار لای یەکێتی بمێنێتەوە، بۆیە بیانووەکە بۆ مەڕسوومی سەرۆکی ھەرێم دەگەڕێنێتەوە، گوتیشی: "ئەوە بیانووە لە لای گۆڕان و دەیانەوێت بەکاری بھێنن، چونکە پێدەچێت بەھۆی رێککەوتنە سیاسییەکەیان لەگەڵ یەکێتی، تەنازول بۆ پۆستی پارێزگار بکەن".

ئەندامەکەی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێی وایە، لە نزیکبوونەوەی وادەی ئاڵوگۆڕەکە، بزووتنەوەی گۆڕان دەیەوێت بیانوویەک بھێنێتەوە بۆ وەرنەگرتنی پۆستەکە و پێدانەوەی بە یەکێتی، گوتیشی: "زۆر ئەستەمە لە کاتی خۆیدا پارێزگار ئاڵوگۆڕی تێدا بکرێت، چونکە تاوەکو ئێستا ھیچ ئامادەکارییەک نەکراوە، بۆیە پێشبینی ناکەم لەدوای ٢٠ی ئابیش ئەو ئاڵوگۆڕە بکرێت و کارێکی ئەستەمە".



باسنیوز
Top