"پێدەچێت ڕێککەوتن لە نێوان هەرێم و ناتۆیشدا بکرێت"

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند دوای ڕێککەوتنی هەرێم و ئەمریکا پێدەچێت ڕێککەوتن لە نێوان هەرێم و ناتۆشدا بکرێت.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرقولئەسەت، دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەورەوپا، تیشکی خستە سەر چەندین پرسی گرنگی وەک شەڕی پێشمەرگە لەدژی داعش و پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی و هەروەها پرسی هەناردەکرنی گازی سروشتیی هەرێم بۆ ئەوروپا.


ئاژگەیی ئاماژەی بەوە کردووە ئێستا تاکە هێز کە ڕاستەقینە شەڕی دژی داعش دەکات، هێزی پێشمەرگەیە، بەڵام ئەم هێزە پێویستی بە چەک و تەقەمەنی زیاتر و ڕاهێنانی باشتر هەیە، بۆیە ئەو هاوکارییە سەربازیانەی تا ئێستا بۆ هیزەکانی پێشمەرگە ڕەوانە کراون بەپێی پێویست نین.
سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی کوردستانیش، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەورووپا وتی، پرسی سەربەخۆیی مافێکی سروشتیی خەڵکی کوردستانە، بۆ ئەم مەبەستەش ڕای گشتیی ئەورووپا پشتگیریی ئەم مافە دەکەن، دەوڵەتانی ئەورووپاش نابنە ڕێگر و سەرەنجام ڕەفتار لەگەڵ واقعدا دەکەن. لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا لۆبییەکی بەهیزی کوردی لە ئەورووپا هەیە تەنیا لەناو پەرلەمانی ئەوروپادا ٣٠ ئەندام پەرلەمان دۆستی کوردن، یەکێتی ئەورووپا وەک دورگەیەکی هێمن سەیری هەرێم دەکات لە ناوچەیەکی پڕکێشەدا، و هەرێمی کوردستان گرنگییەکی ئەمنی و ئابووریی گەورەی هەیە بۆ ئەوروپا، هەربۆیە لەسەر ئاستە بەرزەکان بەرپرسانی وڵاتانی ئەوروپی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.

ئاژگەیی لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەی ڕۆژنامەی شەرقولئەسەت، ئاماژەی بەوە کرد ئێستا کار لەسەر ڕێککەوتنێک دەکرێت بۆ ڕەوانەکردنی گازی سروشتیی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تورکیاوە بۆ ئەورووپا، بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەکاری کراوە و لەوانەیە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو یەکەم قوناغی بکەوێتە کار پێشبینی دەکرێت لە ٢٠١٩دا دەست بە هەناردەکردنی گازی سروشتیی هەرێم بکرێت بۆ وڵاتانی ئەورووپا.

سەبارەت بەو چەکانەی بۆ پێشمەرگە دێن دلاوەر ئاژگەیی ڕەخنەی لە حکوومەتی عێراق گرت کە لەکاتی هاتنی چەکەکان بۆ بەغدا ڕێگە نادات چەکی قورس ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە پێشمەرگە پێویستی بە چەکی زیاتر هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش، چونکە تاکە هیزە بەشێوەیەکی جیددی و ڕاستەقینە بەرامبەر داعش وەستاوە، وتیشی دوای ڕێککەوتنەکەی نێوان هەرێم و ئەمریکا، لەوانەیە لە داهاتوودا ڕێککەوتنێکی هاوشێوە لەنیوان هەرێم و هاوپەیمانی ناتۆدا واژۆ بکرێت.








KDP



Top