ناوەندە ئاكادیمییەكانی وڵاتانی عەرەبی پێزانینیان بۆ سەرۆك بارزانی و قوربانیدانی پێشمەرگە هەیە
ڕۆژی سێشەممە 2ـی 7ـی 2016 لە سەلاحەددین مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە پڕۆفیسۆر سوڵتان ئەبوعرابی ئەلعدوان ئەمینداری یەكێتیی زانكۆكانی عەرەبی كرد.
لە دیدارەكەدا ئەمینداری یەكێتیی زانكۆكانی عەرەبی سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و كورتەیەكی لەبارەی ئاستی پەیوەندیی نێوان زانكۆكانی كوردستان و زانكۆكانی وڵاتانی عەرەبی پێشكەش كرد و داوایشی كرد پەیوەندیی نێوان زانكۆكانی هەردوولا پتەوتر ببێت.
هەروەها بەناوی خۆی و یەكێتی زانكۆكانی عەرەبی و هەموو سەرۆك زانكۆكانی وڵاتانی عەرەبی سوپاسی سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستانی كرد كە سەدانهەزار ئاوارە و لێقەوماویان پەنا داوە و بە ڕووداوێكی مێژوویی وەسف كرد لە ناوچەكەدا. ئەوەیشی خستەڕوو كە ناوەندە ئاكادیمییەكانی وڵاتانی عەرەبی پێزانینیان بۆ سەرۆك بارزانی و قوربانیدانی پێشمەرگە هەیە لە ڕووبەڕووبوونەوە و تێكشكاندنی تیرۆریستان.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی ئەمینداری یەكێتیی زانكۆكانی عەرەبی و خۆشحاڵیی خۆیشی نیشان دا بە پەیوەندی و كاری هاوبەشی زانكۆ و ناوەندە زانستییەكانی كوردستان لەگەڵ زانكۆكانی وڵاتانی عەرەبی.
KDP
