پەرلەمانتارێکی گۆڕان: هێشتا یەکێتی ئەو حزبە نییە کە داوامان دەکرد
ئەمڕۆ سێشەممە 2\8\2016، حەسەن ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕایگەیاند: “یەکێتی و پارتی لە کۆندا ئەم وڵاتەیان بەرەو ئەو ئاراستەیە بردووە کە لە ئیستا تێیداین، لە کاتێکدا ئێمە باسی تەبایی و برایەتی دەکەین، ئەگەر ئەو تەباییە لە یەکگرتنەوەی گۆڕان و یەکێتی دەست پێ بکات، بۆ خراپە؟ ئێمە مێژووی هاوبەشمان هەیە و رەنگە خوێنمان بۆ یەکتر ببێت”.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کرد کە هەرچەندە گۆڕان بەهۆی گەندەڵییەوە لە یەکێتی جیابووەتەوە و دروست بووە، بەڵام ئێستا ئەو تەبایی و یەکڕیزییە بگەڕێتەوە و یەکێتیش واز لە گەندەڵی بهێنێت و دەست بە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستانەوە بگرێت، ئەمە زیانی تێدا نییە، وەک ئەو گوتی. ڕوونیشی کردەوە: “هێشتا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەبووەتە ئەو حزبە پاکەی کە داوامان دەکرد، بەڵام ئومێد دەکەین ببێتە ئەوەی دەمانگوت، ئومێد دەکەین پارتیش ببێتە ئەو حزبە پاکەی داوامان دەکرد”.
پەرلەمانتارەکەی گۆڕان جەختی لەوە کردەوە کە یەکێتی دەستی لە “خراپە”کانی کوردستاندا هەبووە و گوتی: “یەکێتی دەستی هەبووە لە خراپە لەناو ئەم وڵاتە، پارتی و یەکێتی دەستیان هەبووە لە بەلاڕێدابردنی ئەم خەڵکە لە بیست ساڵی ڕابردوو، بەڵام ئەمڕۆ نیەتێک بۆ چاکسازی لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بۆ چاکسازی هەیە”. باسیشی لەوە کرد کە هەندێک حزب بە ڕێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی نیگەرانن، لە کاتێکدا ئەوان یەکیان نەگرتووەتەوە. دەشڵێت: “لەناو گۆڕان و یەکێتی کەسانێک هەن کە لە ڕێککەوتنەکە نیگەرانن، هەشە دڵخۆشە، بەڵام من پێشوازی لە یەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕان دەکەم".
باسنیوز
