لەسەر قادر عەزیز هۆشداری بە یەکێتی دەدرێت
پاش ئەوەی ئەمڕۆ سێشەممە 2\8\2016، قادر عەزیز لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، لە ساڵانی ڕابردوودا حزبەکەی پەلامار دراوە و بەشێکی لێ جیا کراوەتەوە، بۆیە ئەوان ناوی حزبەکەیان گۆڕیوە کە مەبەستی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بوو.
لە بەرامبەردا هیوا سەید سەلیم، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی (مەکتەبی سیاسی) حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، ڕایگەیاند: “پێش ئەوەی قادر عەزیز ئەو بڕیارە بدات بچێتەوە ناو یەکێتی، دەبێت هەندێک پابەندبوون و پرەنسیب هەیە بۆ خەڵک و هێزی سیاسی، بۆیە زۆرجار خۆمان نەهێناوەتە ئەو ئاستەی وەڵامی بدەینەوە”.
ڕوونیشی کردەوە: “قادر عەزیز چووەتە ناو هێزێکی سیاسی کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، ئێمەش وەکوو حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، پەیوەندیی سیاسیمان لەگەڵ ئەو هێزە هەیە، بۆیە ئومێد دەکەین پابەندبێت بەو پەیوەندییە سیاسییەی زەحمەتکێشان و یەکێتی هەیەتی”. گوتیشی: “هیوادارین قەوانی سواوی کۆن لێ نەداتەوە، چونکە ئەگەر ئەو قسانەی ئێستا دەیکات، ئەوکاتە لەسەری حیساب دەکرێت، وەک ئەوەی یەکێتی قسە لەسەر ئێمە بکات".
ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان هۆشداری بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دا لەسەر لێدوانەکان و گوتی: “هیوادارم برادەرانی یەکێتی بوار نەدەن لە پەنای یەکێتییەوە، قادر عەزیز ئەو قسانە بکات".
باسنیوز
