سەرکردەیەکی یەکێتی: دەبێت پەکەکە مۆڵەتی یاسایی لە حکوومەت و دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت

 سەرکردەیەکی یەکێتی: دەبێت پەکەکە مۆڵەتی یاسایی لە حکوومەت و دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت
بەرپرسی مەڵەبەندی سلێمانیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باس لە چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سنووری سلێمانی دەکات و دەڵێت، ئێستا ئەوان بەبێ مۆڵەت کار دەکەن و داوایان لێ دەکات، مۆڵەتی یاسایی وەربگرن.

گەنجانی وڵاتپارێز کە گرووپێکی گەنجانی سەر بە پەکەکەن، لە سنووری شارەکانی ڕانیە و سەیدسادق و هەڵەبجە، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژە بە فراوانکردنی ڕێکخستنەکانی پەکەکە لە کوردستانی باشوور دەکەن، لە کاتێکدا بەپێی یاسا، پەکەکە لە سنووری ئەو پارچەیەی کوردستاندا مۆڵەتی نییە.

لەمبارەیەوە لەتیف شێخ عومەر، بەرپرسی مەڵبەندی یەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی، ڕایگەیاند: “من لەو بابەتە ئاگادار نیم، بەڵام هەرچی بکەن، دەبێت مۆڵەتی یاسایی وەربگرن لە پارێزگا و دامەزراوە ئەمنییەکان، بۆ ئەوەی ڕێگایان پێبدرێت چالاکی بکەن”.

ئەو سەرکردەیەی یەکێتی، بە گوتەی خۆی، نەیبیستووە پەکەکە بارەگای فەرمی لە سنووری سلێمانیدا هەبێت و دەڵێت: “پەیوەندیی یەکێتی لەگەڵ پارتی و هێزەکانی دیکە لەسەر بنەمای نیشتیمانییە، بەهیچ جۆرێک پەیوەندیمان لەگەڵ حزبێک لەسەر بنەمای حزبێکی دیکە نەبووە". دووپاتیشی کردەوە: ”لەگەڵ پارتی و حزبەکانی دیکە، لە شەڕێکی گەورەی تیرۆرداین”.










باسنیوز
Top