ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی: با پاڵپشتی سەربەخۆیی کوردستان بین

 ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی: با پاڵپشتی سەربەخۆیی کوردستان بین
سەروتاری ڕۆژنامەی ئیسرائیلی (The Jerusalem Post) لەژێر سەردێری "با پاڵپشتی کوردەکان بین، هۆکارەکانی پاڵپشتیکردنی نێودەوڵەتی و بەتایبەت ئیسرائیلی لە سەربەخۆیی کوردستان خستووەتەڕوو.

ڕۆژنامەی (The Jerusalem Post) سەروتاری ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردووی 31ی تەمووزی تایبەت کردووە بە پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و بە ڕاشکاوی هۆکارەکانی ئەو پاڵپشتیکردنەی هێناوەتە بەرباس و نووسیویەتی: "گەلێک هۆکار هەن بۆ ئەوەی ئیسرائیل پاڵپشتی لە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بکات".

لە سەروتاری ئەو ڕۆژنامەیەدا ئاماژە بە دوژمنە هاوبەشەکانی کوردکان و ئێسرائیل کراوە و دەڵێت: "داعش و سوپای پاسداران دوو دوژمنی سەرەکی و هاوبەشی ئیسرائیل و کوردەکانن".

هاوکات نووسیویەتی: "دروستبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆیی ناعەرەب لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یارمەتیی پاراستنی گیان و دەستەبەربوونی مافی کەمیینە نەتەوەییەکان دەدات".

ڕۆژنامەی (The Jerusalem Post) ئاماژەی بەوە کردووە کە دوژمنەکانی کورد و ئەوە کەسانەی دژی دروستبوونی دەوڵەتی کوردین بە مەبەستی سووکایەتیکردن بە ویستی ڕەوای کوردەکان بۆ سەربەخۆیی بە (ئیسراییلی دووەم)ی ناو دەبەن.

هەروەها نووسیویەتی: "کوردەکان لەگەڵ ئەوەی موسوڵمانن بە چاوی هاوپەیمان دەڕواننە ئیسرائیل و کۆمەڵگەی کورستان بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە ئازادترن و زیاتر پابەندی بە دامەزراوەبوونن".

لەو سەروتارەدا هاتووە؛ ئیسرائیل لە ڕێی کڕێنی نەوت لە کوردستان دەتوانێ یارمەتی کوردەکان بدات، هاوکات ئیسرائیل بە یارمەتیی سعووەیە و تورکیا تا ڕادەیەکی باش توانیویەتی ڕێگە لە هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا بگرێت، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە کوردەکان باشتر بتوانن لە ناوچەکەدا ڕۆڵی خۆیان بگێڕن.

پەیوەندی ئیسرائیل لەگەڵ کوردەکان لە ناوچەکەدا لەمپەری زۆری لەبەرە، ئەویش بە هۆی ئەوە کوردەکان لە ژێر دەسەڵاتی چوار دەوڵەتی جیاوازی ئێران، عێراق، سووریا و تورکیا دان کە هەرکام لەو وڵاتانە سیاسەتێکی جیاوازیان هەیە و هیچ کامیشیان باوەڕیان بە مافی سەربەخۆیی بۆ کورد نییە.










باسنيوز
Top