مووسڵ دەرفەتێکی ئەڵماسی دەداتە پێشمەرگە و ئیدارەی ئۆباما

 مووسڵ دەرفەتێکی ئەڵماسی دەداتە پێشمەرگە و ئیدارەی ئۆباما
بەشداریی پێشمەرگە لە شەڕی مووسڵدا، زەنگێکی دەولییە بۆ سەرکەوتنی هەریم بەسەر دەوڵەتی تیرۆردا و، وەرەقەیەکی بەهێزی سیاسییشە بۆ دەستی هێلاری کلینتۆن کە لەم پایزەدا چاوەڕوان دەکرێ مووسڵ بە تەواوەتی ڕزگار بکرێ.

لەنێو دووکەڵی جەنگدا، پێشمەرگە ماندووترین هێزی جیهانە کە لەوەتەی 2014وه‌ تا ئێستای لەگەڵدابێ، لەبەرەی دژ بە دەوڵەتی تیرۆر لە جەنگدایە؛ دەستکەوتی رزگارکردنی مووسڵ دەرفەتێکی ئەڵماسی دەداتە پێشمەرگە و ئیدارەی ئۆباما بزانین بۆچی؟

پێشمەرگە دەستکەوتی خاکی دەوێ؛ ڕێک بە ئازادکردنی مووسڵ و قایمکردنی ناوچە کوردییەکانی دەرەوەی دەوڵەتی هەرێم، لەو پارێزگایەدا پێشمەرگە دەبێتە شوورایەکی بەهێز، لەگەڵ ئەوەی کە دەشتی نەینەوا داواکراوێکی کوردانی شەبەک و مەسیحییەکانە بۆ ئەوەی ببێتە پارێزگا، هاوکات، شنگالیش داواکارییەکی كوردانی ئێزدییە ببێتە پارێزگا، ئەمە گەورەترین دەستکەوتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەشداریکردن لە شەڕی مووسڵدا.

ڕزگارکردنی مووسڵ بۆ دەوڵەتی ئۆباما لەم پایزەدا بۆ پەردەپۆشکردنی سیاسەتی دیموکراتەکانیش لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا گەلێک گرینگە، چونکە دەرفەتێک دەداتە هێلاری کلینتۆن تاوەکو سەرکەوتنی دەوڵەتی ئۆبامای دیمۆکرات، بیکاتە دەرفەتێک و وەرەقەیەکی سیاسی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن.

ڕزگارکردنی مووسڵ دەرفەتێک دەبەخشێتە سوننە بۆ ئەوەی لە مووسڵی نوێدا و لە ئەنباری نوێدا، داوای پارێزبەندی بکەن بۆ هەرێمێکی سەربەخۆ و بەڕێوەبردنی ناوچەکانیان لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەنددا.

دوادەرفەتی سیاسیی مووسڵ بۆ کورد دەبێتە هەنگاوێک کە زەنگی سەرکەوتنی یەکجارەکی پێشمەرگە بەسەر داعشدا لێ دەدات و، پێشمەرگە وەک تێکشکێنەری ئوستووره‌ی بەهێزترین دەوڵەتی تیرۆر لە جیهاندا سەرکەوتنی دەولی بۆ ڕادەگەیێندرێ؛ هاوکات گرینگیشە بۆ جێگیرکردنی تەواوی خاکی کوردستان و دیاریکردنی سنووری کوردستان بۆ دەوڵەتی کوردستانی و هەورەها دەسەڵاتدان بە دیان (مەسیحی) و تورکمانەکانی ناوچەکە و کوردانی ئێزدی و شەبەک، بۆ ئەوەی بە تەواوەتی لەژێر چەتری پێشمەرگە و بە پارێزگابوونی ناوچەکانیان پشووی ئازادی بدەن.

بەگوێرەی قاعیدەی سەربازی ئەمەریکا کە گۆڤاری politico شرۆڤەی بۆ کردووە، لە پایزی ئەمساڵدا ئەمەریکا بە هاوکاریی سەرەکیی پێشمەرگە، ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ بەرپا دەکات؛ کە لەپاڵ هێرشی ئاسمانیی ئەمەریکا و هاوپەیمان و دەورەدانی مووسڵ لەلایەن پێشمەرگەوه‌، چەند هێزێکی نیمچە فەرمیی عێراقیش بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەکەن.
گۆڤارەکە ئاشکرایشی کردووە، پیشمەرگە کۆنتڕۆڵی دەرەوەی مووسڵی کردووە و پێوەست بە نەخشەی سەربازیی پنتاگۆنیش دەڵێ، رەنگە لێدانی رەققە و مووسڵ تاکتیکێکی نوێی جەنگی ئەمەریکا بێ بۆ داڕمانی پێگەی داعش لە رەققە و مووسڵدا، رەنگە بە یەک تاکتیکی لێدانی سەربازییەوە داعش لە مووسڵ و رەققەدا پێگەکانیان وێران بکرێ و وەدەربنرێن.

بەگوێرەی ناوەندەی لێکۆڵینەوەکانی دەولی، بەشداریی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵدا لە ئەولەویەتی سەرەکیی ئەمەریکادایە و، هەمیش هەرێمی کوردستان ئەوەی درکاندووە کە بەشداریی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بۆ پارێزگاریکردن لە دوورخستنەوەی پێگەی تیرۆر لە ناوچەکەدا، بۆ هەرێم ئەولەویەتی سەرەکییە.

سوننەکان دڵخۆشن بە بەشداریی پێشمەرگە و داوای بەردەوامیان ئەوەیە، کە پێشمەرگە هاوکاریان بێ بۆ رزگارکردنی مووسڵ؛ ئەمە لەکاتێکدایە کە مەرجی پێشوەختەی هەرێم لە بەشداریی ئۆپەراسیۆنەکە بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، رێککەوتنی پێشوەختەیە لەسەر ئیدارەدانی مووسڵ و رێککەوتن لە چۆنیەتیی راگرتنی هاوسەنگی لەو پارێزگایەدا کە مافی پێکهاتەکانی لێ نەخورێ.

دواجار مووسڵ بۆ پێشمەرگە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ قایمکردنی پێگەی هەرێم لەو ناوچە کوردیانەی کە لە سەردەمی سایکس-پیکۆوە لە کورد زەوت کرابوون و، لەئێستای سەردەمی پێشمەرگەی هەرێمدا، لەنێو سنووری کوردستاندا جێگیر دەکرێنەوە.








KDP
Top