دانفۆرد : هه‌ركاتێك له‌گه‌ڵ بارزانی كۆدەبمه‌وه‌ لە شكاندنی داعش نزیكتر ده‌بمه‌وه‌

دانفۆرد : هه‌ركاتێك له‌گه‌ڵ بارزانی كۆدەبمه‌وه‌ لە شكاندنی داعش نزیكتر ده‌بمه‌وه‌
به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی باڵای سه‌ربازیی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مه‌ریكا ، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئه‌ركانی هاوبه‌شی سوپای ئه‌مه‌ریكا بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی رووبەرووبوونەوەی تیرۆریستان و هه‌ماهه‌نگی نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانانیان تاوتوێكرد.

ماڵپه‌ڕی فه‌رمی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئێوارەی رۆژی یەكشەممە 31ی 7ی 2016 لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی پێشوازی لە جەنەڕاڵ جۆزێف دانفۆرد سەرۆكی دەستەی ئەركانی ھاوبەشی سوپای ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكھاتبوو لە ستیوارت جۆنز بالیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و جەنەڕاڵ ماكفارلاند فەرماندەی ھێزەكانی ھاوپەیمانان لە عێراق و كێن گڕۆس كۆنسۆڵی ئەمەریكا لە ھەولێر و ژمارەیەك لە فەرماندە و ڕاوێژكارانی سوپای ئەمەریكا.
لە دیدارەكەدا سەرۆكی دەستەی ئەركانی ھاوبەشی سوپای ئەمەریكا سوپاسی بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و ڕایگەیاند ھەر جار كە بارزانی دەبینێت و لەگەڵیدا كۆدەبێتەوە لە ئازادكڕدنی مووسڵ و شكاندنی داعش نێزیكتر دەبێتەوە وحیماس و پێكۆڵی بۆ لەناوبردنی داعش زیاتر دەبێت. ھەروەھا لە وتەیەكدا سەرۆك بارزانی لە وردەكاری پڵانی وڵاتەكەی و ھاوپەیمانان بۆ تێكشكاندنی داعش لە عێراق و سووریا ئاگادار كردەوە و ئەوەی دووپاتكردەوە كە ئەمەریكا بەردەوام دەبێ لە پشتیوانیكردنی پێشمەرگە و ئاماژەیشی بەوەدا كە بەلای وڵاتانی ھاوپەیمان، پلانی ئازادكردنی موسڵ بە بێ بەشداریی سەرۆك بارزانی و ھێزی پێشمەرگەی كوردستان سەركەوتو نابێت.

لەبەرانبەردا بارزانی بەگەرمی بەخێرھێنانی شاندی میوانی كرد و رۆشنایی خستەسەر ئازادكردنی شاری موسڵ و شوێنەكانی تری پارێزگای نەینەوا و جەختی لەوە كردەوە گرینگتر لە ئازادكردنی شاری موسڵ لەڕووی سەربازی بوونی پلانی سیاسییە بۆ قۆناخی دوای داعش و بەڕێوەبردنی شاری موسڵ ئەوەیش لە پێناو گەرەنتیكردنی ئاسودەیی پێكھاتەكان و ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی كارەساتی تر.

ھەر لەم كۆبوونەوەیدا بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی رووبەرووبوونەوەی تیرۆریستان و داویین سەركەوتن و پێشھاتەكان خرایە بەر باس و گفتوگۆ و ھەماھەنگیی نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزی ھاوپەیمانان و ھێزەكانی عێراقی تاوتوێ كرا.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم كۆبونەوەوەیدا ژمارەیەك لە بەرپرسە سەربازی و ئەمنی و سیاسییە بالاكانی ھەرێمی كوردستان ئامادە بوون.




باسنیوز
Top