پێشمه‌رگه سێ چه‌كداری له‌ڕۆژئاوای كه‌ركوك كوشت
دوێنێ یه‌كشه‌ممه، داعش له‌ڕێگه‌ی 11 چهكدارو كرده‌وه‌ی خۆكوژییه‌وه، هێرشی كرده‌سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له‌گوندی بای حهسهنو كارگه‌ی غازی باجوان كه هه‌ردووكیان ده‌كه‌ونه رۆژئاوای شاری كه‌ركوك.
دوو سه‌رچاوه‌ی جیاواز له‌نێو هێزه‌كانی پێشمه‌رگه جه‌ختیانكرده‌وه له‌وه‌ی دوای نزیكه‌ی 10 كاتژمێر له‌كۆنترۆڵكردنی دۆخه‌كه، کاتژمێر 7ی ئێوارەی دوێنێ فه‌رمانیان پێكراوه بۆ هێرشكردنه سه‌ر چه‌ند چه‌كدارێك له‌نێو زه‌لكاوه‌كانی گوندی عه‌لیاوه مه‌حمود له‌ڕۆژئاوای كه‌ركوك.
یه‌كێك له‌سه‌رچاوه‌كان به‌خه‌ندان-ی وت "زانیاریمان هه‌بووه ژماره‌یه‌ك چه‌كداری داعش دوای ئه‌وه‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر كارگه‌ی غازی باجوان-یان ئه‌نجامداوه، به‌ره‌و گوندی عه‌لیاوه مه‌حمود رۆیشتوونو له‌وێ له‌ناو زهلكاوو قامیشه‌ڵانێكدا خۆیان حه‌شارداوه".
كارگه‌ی غازی باجوان 5كم له‌گوندی عه‌لاوه مه‌حموده‌وه دووره.
سه‌رچاوه‌كه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه وتیشی "كه به‌ره‌و عه‌لاوه مه‌حمود رۆیشتین چه‌كداره‌كان به‌ره‌و گوندی قه‌ره‌ته‌په ههڵهاتنو دواتر له‌و گونده روبه‌ڕوبوونه‌وه روویداو هه‌رسێكیان كوژران".
یه‌كێكی تر له‌سه‌رچاوه‌كانی خه‌ندان، جه‌ختیكرده‌وه له‌وه‌ی ئه‌و سێ چه‌كداره "ویستویانه "روبه‌ڕوی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ببنه‌وه، به‌ڵام هه‌رسێكیان كوژراون.
داعش هه‌ر دوێنێ به‌رپرسارێتی له‌هه‌ردوو هێرشه‌كه‌ی رۆژئاوای كه‌ركوك رایگه‌یاند.
هێرشه‌كه سه‌ره‌تا له‌گوندی بای حهسهنو نزیك بیره نه‌وتییه‌كانی ئه‌و گونده روویدا، كاتێك دووچه‌كداری داعش له‌نزیك هێزه‌كانی پێشمه‌رگه خۆیان ته‌قانده‌وه.
هه‌روه‌ها دوو چه‌كداری دیكه‌یان كه ئاماده‌ی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان نه‌بوون، له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه ته‌قێندراونه‌ته‌وه، به‌هۆیه‌وه زیان به‌ر یه‌كێك له‌كێڵگه نه‌وتییه‌كانی بای حه‌سه‌ن گهیشتو هه‌نارده‌ی نه‌وت له‌كه‌ركوكه‌وه بهڕێكای بۆری نه‌وتی هه‌رێم – جه‌یهان راگیرا.
به‌ر له‌و رووداوه‌ش چه‌كدارانی داعش هێرشێكی خۆكوژییان كرده‌سه‌ر كارگه‌ی غازی باجوان له‌ڕۆژئاوای شاری كه‌ركوك‌و به‌هۆی خۆته‌قاندنه‌وه‌ی یه‌كێكیان چوار پۆلیس‌و فه‌رمانبه‌ر شه‌هید بوون، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ش لهڕوبهڕوبونهوهكاندا سێ برینداریان هه‌بوو.
خه‌ندان
