زانیارییه‌كانی گۆڤاری لڤین و هێرشه‌كه‌ی سەر نەوتەڵانەكەی بایحەسەن جێ گومانن

زانیارییه‌كانی گۆڤاری لڤین و هێرشه‌كه‌ی سەر نەوتەڵانەكەی بایحەسەن جێ گومانن
لەسەر بڵاوكردنەوەی بابەتێكی گوماناوی لەلایەن گۆڤاری لڤینەوە، كە پەیوەندیدارە بە نەوتەڵانەكانی هاڤانا و بایحەسەن و دوای پەلامارە تیرۆریستیەكەی ئەمڕۆ بۆسەر نەوتەڵانەكانی بایحەسەن لە كەركووك، پرسیارێكی زۆر لەسەر لڤین دروست بووە. داوای لیپێچینەوەی ورد لەم گۆڤارە دەكرێت و جەخت لەوە دەكرێتەوە كە، ئەم گۆڤارە ئاماژەی بە تیرۆریستان داوە كە پەلاماری ئه‌و چاڵەنەوتانە بدەن.

لە بابەتەكەی لڤیندا وا نیشان دراوە كە پارتی بە هێزی چەكداری خۆی سەرپەرشتی ئەو دوو نەوتەڵانە دەكات، بەڵام لە ڕاستیدا وەك ئەوەی ڕوونە هێزەكانی پاراستنی دامودەزگا نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان ئەركی پاراستنی ئەم كێڵگانەیان لەئەستۆدایە و، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان سەرپەرشتییان دەکا.
هەر دوای ئەو بابەتەی لڤین بە ماوەیەكی زۆر كەم، داعش ئەمڕۆ پەلاماری نەوتەڵانەکەی بایحەسەنی دا. ئەمەش بووە جێگای پرسیاری بەشێكی زۆر لە خەڵكی كوردستان كە ئایە چۆن بەو ماوە كورتە دوای بابەتەكەی لڤین ئەم ڕووداوە قەوما؟! ئایە لڤین چۆنی زانیاری دەست كەوتووە و چەندین پرسیاری تری بە دوای خۆیدا هێنا.


لڤین ڕێخۆشكەر بووە:
پێوەست بەم بابەتە (نازم كەبیر) جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاسایش‌وناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان ڕاگەیاند: "دەبێ لێكۆڵینەوەیەكی زۆر ورد و جیددی لەم بابەتە و گۆڤاری لڤین بكرێت، چونكە نەوتەڵانی ئاڤانا و بایحەسەن لەژێر ڕكێفی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندایە و قووتی هاووڵاتیانی هەرێمی پێوە بەندە. پاراستنیان دەكەوێتە چوارچێوەی ئاسایش و ئەمنیەتی هەرێمی كوردستان. ئاخر كە تیرۆریستانی داعشیش ئەم هێرشەیان كردە سەر بیرە نەوتەكانی بایحەسەن ویستیان ئاژاوە لە كوردستان بنێنەوە و ناكۆكییەك لە باشووری كوردستان دروست بكەن و قووتی خەڵك كێشەی تێ كەوێت. خەڵكێك هەیە لە هەرێمی كوردستان كە پێی خۆشە ئەم بیرە نەوتانە دابڕزێت و بەم هێرشەی ئەمڕۆیش وا كرایە سەر بایحەسەن دڵخۆشن و، هاوسۆز و هاوكاریشیان لە هەرێمی كوردستاندا هەیە."

(نازم كەبیر) جەختیشی كردەوە: "گۆڤاری لڤین بەم بابەتەی بڵاوی كردووه‌تەوە ئیشارەتێكی بە تیرۆریستانی داعش داوە كە ئەم نەوتەڵانانە هەستیارن و ناكۆكییان لەسەر هەیە و ئەگەر زیانیان پێ بگات، قووتی خەڵكی هەرێمیش دەكەوێتە مەترسییەوە و ئەم زانیاریانە بۆ داعش زۆر باش بوونە، بۆیە وەك دەبینین تیرۆریستان ئەمڕۆ هێرشیان كردە سەر بایحەسەن. لڤین ڕێخۆشكەر بووە بۆ ئەوەی داعشه‌كان ئەم كردەوە تیرۆریستییە بکەن و وەبیریان بهێنیتەوە كە دەتوانن ئەم زیانە بە كورد بگەیێنن."

جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاسایش‌وناوخۆ گوتیشی: "دەبێ ئەوەش بزانین كە ئەم بیرەنەوتانە و سەرجەم سەرچاوەكانی تری قووت هیی خەڵكی هەرێمی كوردستانن هیچیان مڵكی پارتی نین و ئەوە مڵكی حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستانە و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان سەرپەرشتیی دەكات؛ قووتی گەلەكەمانی پێ دابین دەکرێت."

گۆڤاری لڤین 28ـی ئەم مانگە بڵاوی كردبوویەوە، كە گوایە ئەگەر یەكێتی نەوتەڵانەكانی (بایحەسەن و هاڤانا) لەژێر چەتری پاراستنی پارتی وەربگرێت ئەوا پارتی هیچی بەدەستەوە نامێنی لە كەركووكدا! گۆڤاره‌كه‌ی له‌سه‌ر زاری سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كێتییه‌وه‌ زانیاریی دركاندووە كە یەكێتی هەوڵی چڕ كردووەتەوە بۆ لێسەندنەوەی ئەو بیرە نەوتانە لە پارتی و، كۆمپانیای نەوتی باكوور كە ڕاستەوخۆ لەلایەن پارێزگاری كەركووكەوە سەرپەرشتی دەكرێت لە هەوڵدایە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو چاڵەنەوتانە و چەندین بابەتی هەستیاری تری باس كردووە.

بەشێك لە ڕاگەیاندنەكان بەرپرسیارانە مامەڵە ناكەن:

(دلێر عومەر) جێگری بەرپرسی مەڵبەندی كەركووكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستانیش ڕاگەیاند: "لە شاری كەركووكدا نێوانخۆشیی سەرجەم لایەنەكان گرینگی خۆی هەیە و، پێویستە كورد یەكڕیزیی خۆی بپارێزی و ئەمە ئەركی هەموو لایەكە. ئێمە جەختیش لەسەر تۆكمەیی پەیوەندییەكانی هەردوو لا دەكەینەوە؛ مادامەکینێ ململانێكانی ناو هەرێمی كوردستان بڕاوەتەوە یاخود با بڵێین كز بووە، دەشێ لە ناوچە دابراوەکانیش ڕەنگ بداتەوە و یەكڕیزییەكە پتەوتر بكەین."

جێگری بەرپرسی مەڵبەندی كەركووكی یەكێتی گوتیشی: "داعش كە پەلامارێك دەدات یاخود هێرشێك دەكات ئەوە پەیوەندی بە زانیاری و بەرنامەی خۆیانەوە هەیە. كێشەكە ئەوەیە بەشێك لە ڕاگەیاندنەكان بەرپرسیارانە مامەڵە ناكەن و سزایش نادرێن، كاتێك دەزگا و گۆڤارێك بابەتێكی نابەجێ دەنووسێ، ئاخر یاسایەك نییە كە سزای بدات و لێی بپێچێتەوە."

(د.محەممەد خورشید) كه‌ ئەندامی سەركردایەتیی پارتییه‌ لە كەركووك، له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌كه‌ی یه‌كێتی كه‌ هه‌ندێك كه‌ناڵی راگه‌یاندن كاری نابه‌جێ ده‌كه‌ن هاورایه‌ ڕاگەیاند: "ئەو كارانەی گۆڤاری لڤین و لڤینییەكان دەیكەن دژ بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كارێكی نابەجێیە. ئەم هێرشەیشی ئەمڕۆ كرایە سەر بیرە نەوتەكانی بایحەسەن كردەوەیەکی تیرۆریستی بوو دژ بە سەرچاوەی داهاتی هەرێمی كوردستان. گۆمانەكانیش بۆ هەموو لایەك دەچێت و دژمنانی گەلەكەمان لە ناوەخۆ و دەرەوە ئەم بابەتەیان پێ خۆش بوو."

(د.محەممەد خورشید) گوتیشی: "دژمنانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەن سەرچاوەكانی داهاتی هەرێم لەم بارەی ئێستا كەم بێتەوە، تا حكوومەت نەتوانێ لەسەر پێی خۆی بوەستێ و گرفتی تێ بکەوێ؛ جا چ گۆڤاری لڤین بووبێ یان خەڵكی تر لە پشت ئەم ڕووداوانەوە بووبێتن، هەموویان لە یەك خانەدا كۆ بوونەتەوە و یەك ئامانجیان هەیە، ئەویش زیاندانە لە قووتی خەڵک."


لڤین لەو ئاستەدا نییە بتوانێت نێوانی پارتی و یەكێتی بشێوێنێت:

ئه‌و ئەندامی سەركردایەتیی پارتی لە كەركووك جەختیشی كردەوە: "گۆڤاری لڤین لەو ئاستەدا نییە بتوانێت نێوانی پارتی و یەكێتی بشێوێنێت و، ئێمە زۆر فراوانتر بیر دەكەینەوە. گۆڤاری لڤین لەسەر كارە نابەجێكانی چەند جارێك دراونەتە دادگا و ڕووڕەشییەکەیان ئیسپات بووە."



PDK.info
Top