شاندێكی ئەمریكا: بەبێ‌ بارزانی و پێشمەرگە شەڕی موسڵ سەركەتوو نابێت

 شاندێكی ئەمریكا: بەبێ‌ بارزانی و پێشمەرگە شەڕی موسڵ سەركەتوو نابێت
شاندێكی باڵای سەربازیی ئەمریكا بە بەشداری ژمارەیەك بەرپرسی سەربازیی كورد لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە. لە كۆبوونەوەكەدا باسی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ كراوە و فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا رایگەیاندووە "شەڕی موسڵ بەبێ‌ بارزانی و پێشمەرگە سەركەتوو نابێت".

ئێوارەی رۆژی یەكشەممە 31-7-2016 لە پیرمام، مەسعود بارزانی لەگەڵ شاندێكی باڵای سەربازی ئەمریكا كۆبووەوە. ئەندامانی شاندەكە بریتیبوون لە: جۆزێف دانفۆرد، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ھێزەكانی ئەمەریكا، ستیوارت جۆنز، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق، ماكفارلاند، فەرماندەی ھێزەكانی ھاوپەیمانان لە عێراق، كێن گڕۆس، كونسوڵی ئەمەریكا لە ھەولێر و ژمارەیەك لە فەرماندە و راوێژكارانی سوپای ئەمەریكا.

وەك لە راگەیێندراوی كۆبوونەوەكەدا ئاماژەی پێدراوە، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ھێزەكانی ئەمەریكا رایگەیاندووە " ھەر جارێك بارزانی دەبینێت و لەگەڵیدا كۆدەبێتەوە، لە ئازادكڕدنی موسڵ و شكاندنی داعش نزیكتر دەبێتەوە و حەماس و پێكۆڵی بۆ لەنێوبردنی داعش زیاتر دەبێت".

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ھێزەكانی ئەمەریكا بارزانی لە وردەكاری پلانی وڵاتەكەی و ھاوپەیمانان بۆ تێكشكاندنی داعش لە عێراق و سووریا ئاگاداركردووەتەوە و جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە ئەمەریكا بەردەوام دەبێ لە پشتیوانیكردنی پێشمەرگە. گوتووشیەتی " بەلای وڵاتانی ھاوپەیمان، پلانی ئازادكردنی موسڵ بەبێ بەشداریكردنی بارزانی و ھێزی پێشمەرگەی كوردستان سەركەوتوو نابێت".

لەبەرامبەردا مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە "گرنگتر لە ئازادكردنی شاری موسڵ لەڕووی سەربازی، بوونی پلانی سیاسییە بۆ قۆناخی دوای داعش و بەڕێوەبردنی شاری موسڵ، ئەمەش لەپێناو گەرەنتیكردنی ئاسوودەیی پێكھاتەكان و رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی كارەساتی دیكە".

ھەر لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی مەیدانی بەرەكانی رووبەڕووبوونەوەی داعش و دوایین سەركەوتن و پێشھاتەكان كراوە و، ھەماھەنگیی نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزی ھاوپەیمانان و ھێزەكانی عێراقیش تاووتوێكراوە.



رووداو-
Top