سەركردەیەكی یەكگرتوو: پرۆسەی سیاسی بە بنبەست نەگەیشتووە
عوسمان كاروانی، ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتوو راگەیاند:" سەردانەكە بەمەبەستی پیرۆزبایی 7 ساڵەی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان و جەختكردنەوە بوو لە سەر پرۆژەی هاوبەشی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان".
عوسمان كاروانی گوتیشی "ئێمە بە ئەركی سیاسی و نیشتمانی خۆمان هەستاوین و دەرگای دانوستاندن و گفتوگۆكانمان كردەوە، بەهۆیەوە پرۆسەی سیاسی جوڵەیەكی تێكەوتووە و چووەتە قۆناخێكی دیكە، دەستپێكردنەوەی گفتوگۆی نێوان لایەنەكان كە لە لایەن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوە دەستیپێكردووە، وایكرد دانووستاندنەكان بە بنبەست نەگەن، هەرچەندە ئومێدی زۆر گەورەی لەسەر نییە، بەڵام پرۆسەی سیاسی لە قۆناخی چەقبەستوویی تێپەڕیوە".
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان و زەمینەسازی بۆ کۆبوونەوەی لایەنەکان، فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانی بە نوێنەرایەتی خۆی راسپارد وەک دەسپێشخەرییەک لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆببێتەوە، مەكتەبی سیاسی پارتیش ئەمڕۆ شەممە كۆبوونەوەكانی بە ئەرێنی لەقەڵەمدا.
رووداو-
