چارەنووس و ئایندەی كوردی شەبەك و پێكهاتەكانی دیكە بە چارەنووسی هەرێمی كوردستانەوە بەندە
ڕۆژی یەكشەممە ٣١ـی ٧ـی ٢٠١٦ لە سەلاحەدین، مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ژمارەیەك كەسایەتی و ڕیشسپی و نوێنەرانی گوندە تازە ئازادكراوەكانی کوردی شەبەک لە میحوەری خازر کرد.
لەدیدارەكەدا شاندی میوان سوپاسی سەرۆك بارزانی و پێشمەرگە و كەسوكاری شەهیدانیان كرد كە گوندەكانیان لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعش ئازاد كردووە و پێزانینیان بۆ قارەمانێتی و قوربانیدانی پێشمەرگە هەبوو، تەئكیدیشیان لە كوردستانیبوونی ناوچەكانیان كردەوە و ڕایانگەیاند، كە مەسەلەی كوردستانیبوونی ناوچەکانی شەبەک، هیچ گفتوگۆیەک هەڵناگرێت، تەئكیدیشیان كردەوە كە چارەنووس و ئایندەی كوردی شەبەك و پێكهاتەكانی دیكەی ناوچە كوردستانییەكان بە چارەنووسی هەرێمی كوردستانەوە بەندە.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی میوانەکان، لە وتەیەكدا ئاماژەی بەوەدا كە خوشك و برایانی شەبەک بەشێكی ئازیز و دانەبڕاوی گەلی كوردن و ئامادەبووانی لەوە دڵنیا كردەوە كە هەموو ناوچەكانیان لەژێر دەستی داعش ئازاد دەكرێت و خەڵکەکەی بە سەربەرزی دەگڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزارییەكانیش بە ناوچە ئازادكراوەكان دەگات و جەختی لەوەیش كردەوە كە پشتیوانی تەواوی داواكاریی خوشك و برایانی شەبەک دەکات بۆ ئەوەی بتوانن بە ئازادی و سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ ناوچە و گوندەكانیان و گرفتەكانیان چارەسەر بكرێن.
PDK.info
